رووداو دیجیتاڵ
خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین لە سعودیەیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چوونی کوڕەکەی بۆ خولی ئەو وڵاتە.
رۆژنامەڤانی سعودی، ئەحمەد عەجلان لەسەر ئەکاونتی خۆی لە توویتەر دوو وێنەی باوکی یاریزانەکەی لە سعودیە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "خۆرخی مێسی لەگەڵ باوکی لیۆنێل مێسی کە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەشە، لەگەڵ عەبدوڵلا حەماد، بەرپرسی ئەکادیمیای وەرزشی مەهد، کە کەسێکی نزیکی وەزیری وەرزشی سعودیەیە کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چوونی کوڕەکەی بۆ نێو خاکی سعودیەیە."
ئەم گفتوگۆ و کۆبوونەوانە لەگەڵ بەرپرسانی تۆپی پێی سعودیە لە کاتێکدان کە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بە گرنگییەوە باس لە هەوڵەکانی یانەی هیلالی سعودی دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لیۆ داوای 600 ملیۆن یۆرۆی لە یانەکە کردووە.
گرێبەستی مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە دیارنییە، بەتایبەت دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ چووە دەرەوە.
میدیای بەریتانیا دەڵێت "پاریس سانجێرمان لە ترسی یاسای یاریی خاوێن کارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی لیۆی راگرتووە."
مێسی لە 2021 لە یانەی بارسێلۆناوە چووە یانەی پاریس سانجێرمان و گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە تاوەکو هاوینی 2023ـەیە و ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵە، هەردوو یانەی هیلالی سعودی و ئینتەرمیامی ئەمریکی رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکەن.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ