رووداو دیجیتاڵ
هێشتا تەنیا یەک یاریی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجامداوە و 7 یانەی گەورەی ئەورووپا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی کریستیانۆ جونیۆر، کوڕی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەن.
بەپێی هەواڵێکی رادیۆی مۆنتی کارلۆ، یانەی مانچێستەر یونایتد لەو کاتەوە گرنگی بە تواناکانی جونیۆر دەدات کاتێک لە ئەکادیمیای یانەی ریال مەدرید بوو و دەیەوێت ئەو بەهرەمەندە لە ئێستاوە بباتە یانەکەی، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێ وەربگرێت.
بەپێی سەرچاوەکە، جگە لە یانەی مانچێستەر یونایتد هەریەکە لە یانەکانی بایرن میونشن، بۆرووسیا دۆرتموند و لایپزیگی ئەڵمانی، ئینتەرمیلان، یوڤێنتوس و ئاتالانتای ئیتاڵی گرنگی بە تواناکانی جونیۆر دەدەن و رکابەری لەسەر گواستنەوەی بۆ ریزەکانیان دەکەن.
جونیۆر هاوشێوەی باوکی لە باڵی چەپ یاری دەکات، ژمارە 7 دەپۆشێت و ئێستا یاریزانی تیپی لاوانی یانەی نەسڕی سعودییە.
رۆژی سێشەممە 13-5-2025 بۆ جونیۆر، رۆژێکی مێژوویی و لەبیر نەکراو بوو، کاتێک بۆ یەکەمجار بە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە دەرکەوت و یاریی بۆ تیپی خوار 15 ساڵانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد، کاتێک لە یارییەکی دۆستانەدا لە ژاپۆنیان بردەوە.
دوای ئەنجامدانی ئەو یارییە، جۆرجینا رۆدریگێز وێنەی جونیۆر بڵاوکردەوە و نووسیبووی "دایکت شانازیت پێوە دەکات، دایکت دڵخۆشە "، ئەمە لەکاتێکدا جۆرجینا دایکی راستەقینەی جونیۆر نییە.
لەلایەن خۆیەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەهەمان شێوە وێنەکانی کوڕەکەی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیبووی "کوڕەکەم لە یەکەم یارییدا بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال."
لە یارییەکەدا، دۆلۆرێس ئاڤیێرۆی دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و داپیرەی جونیۆری کوڕی لە یاریگەدا ئامادەبوو و بەدرێسی پۆرتوگالەوە پاڵپشتیی نەوەکەی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ