رووداو هەولێر
سیداد تاهیر عومەر، تەمەن 23 ساڵ، کە لەشجوانێکی شاری هەولێرە، لەنێو زیاتر لە هەزار یاریزانی پارێزگاکانی عێراق، کە بەشدارییان لە پاڵەوانێتیی لەشجوانی عێراق لە شاری سلێمانی کرد، توانی لە ئاستی فیزیک کلاسیک پلەی یەکەم بەدەستبێنێت.
ئەو پاڵەوانە لاوەی هەولێر حەوت ساڵە یاری لەشجوانی دەکات، لەسەر ئاستی کوردستان و هەولێر پێشتر بەشداری پاڵەوانێتییەکانی کردووە و چەندین دەستکەوتی هەیە، ئەمجارە دوای شەش مانگ ئامادەکاری و راهێنانێکی چڕ توانی بگاتە لوتکە و نازناوی یەکەمی عێراقی لە کێشی 70 کیلۆگرام بباتەوە.
سیداد تاهیر، پاڵەوانی لەشجوانی بۆ رووداو، گوتی "دەمێک بوو خەونم بەو دەستکەوتە دەبینی و ماندوویەتییەکی زۆرم بۆ چەشت، بەتایبەت لە دوو هەفتەی بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە کە زۆر ئاگاداری خواردن و خواردنەوەی ئاو بووم، ئاسان نەبوو بەشێوەیەک بۆ دەرکەوتنی لەش و لارێکی جوان 48 کاژێر ئاوم نەخواردەوە، بەڵام یەکەمبوونەکەم دڵخۆشی کردووم".
خاوەن پلەکانی یەکەمی عێراق بەبەردەوامی بەنوێنەرایەتی عێراق دەتوانن بەشداری پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە بکەن، کوردستان خاوەن دەیان پاڵەوانی جیهانییە.
ئەو لەشجوانە لاوە روونیکردەوە "گەر پاڵپشتییەکی بەهێز بکرێم، هەنگاوی داهاتووم بەشداریکردنە لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیا، دەمەوێت لەوێش میدالیا ببەمەوە".
لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە 100 هۆڵ و سەنتەری یاریی لەشجوانی هەن، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی دەیان پاڵەوانی یارییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ