رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لەبارەی بانگهێشتکردنی نەیمارەوە بۆ مۆندیالی 2026 روونکردەوە دەدات و دەڵێت "دەتوانین رکابەری لەسەر بردنەوەی مۆندیال بکەین".
ئەنچێلۆتی لە دوای راگەیاندنی لیستی هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ مۆندیال گوتی "ئێمە لە ماوەی ساڵەکەدا چاودێری نەیمارمان کردووە و لە یارییەکانی ئەم دواییەدا بەردەوامییەکی زیاتری هەبووە. دۆخی جەستەیی خۆی باشتر کردووە. ئێمە پێمانوایە ئەو یاریزانێکی سەرەکییە. لەم مۆندیالەدا یاریزانێکی کاریگەر دەبێت. ئەو هەمان رۆڵ و هەمان بەرپرسیارێتییەکانی هەر یاریزانێکی دیکەی لەسەرە".
کارلۆ لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "هەڵسەنگاندنی تەواوی ساڵەکە، وەک هەمیشە گوتوومە، لەسەر لایەنی جەستەیی بووە. تەنیا پەیوەندی بە باری جەستەیی نەیمارەوە هەبووە. لە چەند یاریی رابردوودا، ئەو بە شێوەیەکی بەردەوام یاریی کردووە. هێشتا دەتوانێت پێش دەستپێکردنی مۆندیال لە رووی جەستەییەوە پەرە بە خۆی بدات. بڕوامان وایە جگە لەوەش، ئەزموونی ئەو لەم جۆرە پاڵەوانێتییانەدا و پەیوەندییەکەی لەگەڵ تیپەکە دەتوانێت یارمەتیدەری کەشوهەواکە بێت و یارمەتی تیپەکە بدات باشتر دەربکەون.ئێمە نەیمارمان بۆ ئەوە هەڵنەبژاردووە کە پێمان وابێت یەدەگێکی باش دەبێت، بەڵکو نەیمارمان هەڵبژاردووە چونکە بڕوامان وایە دەتوانێت یارمەتی تیپەکە بدات، جا چ بۆ یەک خولەک بێت، پێنج خولەک، 90 خولەک یان تەنانەت بۆ لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بێت".
کارلۆ ئەنچێلۆتی دەڵێت "پێموایە گرنگە هەموو هیواکانمان لەسەر یەک یاریزان کۆنەکەینەوە. بڕوام وایە ئێمە وەک تیپێک بەرپرسیارێتییەکان دابەش دەکەین و هەر یاریزانێک دەبێت بە شێوازی خۆی بەشدار بێت بە ئامانجی یارمەتیدانی بەرازیل بۆ بردنەوەی مۆندیال. من بەدوای ناوە گەورەکاندا ناگەڕێم، تەنیا بەدوای ئەو یاریزانانەدا دەگەڕێم کە ئامادەن یارمەتی تیپەکە بدەن بۆ سەرکەوتن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەنچێلۆتی لەبارەی متمانەی خۆی بە تیپەکە گوتی "من ئەو زانیاری و متمانەیەم هەیە کە ئەم تیپە دەتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ باشترین تیپەکانی جیهان بکات. دەبێت پێوەرەکانمان بە بەرزی دابنێین، چونکە ئەوە پاڵنەرمان بۆ دروست دەکات. ئایا دەتوانین مۆندیال ببەینەوە؟ بەڵێ، بڕوام وایە دەتوانین مۆندیال ببەینەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ