عوسمان دێمبێلێ: دەمەوێت باڵۆندۆری ئەمساڵ ببەمەوە

14-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن عوسمان دێمبلێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رایگەیاندووە چاوی لەوەیە نازناوی ئەمساڵی باڵۆندۆر بباتەوە، دەڵێ حەزدەکەم هەموو یارییەک سێ گۆڵ تۆماربکەم.
 
دێمبێلێی خاوەنی سیانەی نێوخۆیی فەرەنسا لەگەڵ سانجێرمان و براوەی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، دەڵێ "گرنگترین گۆڵی ئەمساڵم، ئەو گۆڵەبوو کە لە لیڤەرپوولم کرد، چونکە لە کاتێکی زووی یارییەکە و لەنێو ئانفێڵد بوو، ئەوەش هاوکاریی کردین لە دەرپەڕاندنی باشترین تیپی ئەورووپا لەو کاتەدا".
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە دەڵێ، "هیچمان نەبوو لەدەستی بدەین، دەمانزانی کە دەتوانین ئاستێکی باش پێشکێش بکەین، هەرچەندە دوای دۆڕانمان لەسەر یاریگەی خۆمان بەرامبەریان، بێئومێدی بەسەرماندا زاڵبوو، کاتێک لە دوایین خولەکەکاندا گۆڵیان لێکردین، هەربۆیە گۆڵەکە بایەخێکی تایبەتی هەبوو".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پلاندانان و هەوڵدان بۆ بردنەوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ، عوسمان دەڵێ، "قورسە ئەوە بڵێم، بەڵام باڵۆندۆر خەونی هەموو یاریزانێکە، هەر لە منداڵییشەوە ئەو خەونەمان هەیە، خەڵاتێکی ناوازەیە".
 
لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی گۆڵەکانییەوە، ئەو دەڵێ، "لەسەرەتای وەرزەوە رامگەیاند کە دەمەوێ ژمارەی گۆڵەکانم زیاد بکەم، قسەکەی خۆشم بردە سەر".
 
ئاماژەی بەوەداوە کە "بەر لە هەر یارییەک، بەنزیکەکانمم دەگوت سێ گۆڵ تۆمار دەکەم، بەخۆمم دەگوت هاتریک دەکەم، ئەوە وایکرد زیاتر تینووی گۆڵکردن بم و بەهاوکاریی هاوڕێکانم بوومە یاریزانێکی یەکلاکەرەوەتر".
 
دێمبێلێ پەسنی کارکردنی لویس ئینریکێی لەگەڵ یانەکەیدا داوە و دەڵێ، "ئەو سەرکردەمانە، خاوەن بڕیاری یەکەم و کۆتاییە، ئەگەر باش بیت یارییت پێدەکات و ئەگەر باش نەبیت دەتخاتە سەر کورسیی یەدەگ، ئەو عەقڵیەتەی لە تیپەکەدا چەسپاندووە".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەو لەسەرهەقە، ئینریکێ تیپەکەی دروستکردووە، بەهۆی ئەوەوە زۆر بەهێزتربووین، هەمووان بیر لە تیپەکە دەکەینەوە پێش خۆمان، ئەوە رێگە راستەکەیە کە دەبێ پەیڕەوی بکەین، ئەگەر بمانەوێت لەبردنەوەی نازناوەکان بەردەوام بین".
 
عوسمان دەڵێ، ئینریکێ راهێنەرێکی نایابە لە رووی تاکتیکەوە، لەگەڵ بارسادا زۆر نازناوی بردووەتەوە، ئەو واز لەبیرۆکەکانی خۆی ناهێنێت، جا ئێمە بەدڵمان بێت یان نا".
 
عوسمان لەگەڵ پاریس سانجێرماندا هەلی بەدەستهێنانی نازناوێکی دیکەی گەورەی لەبەردەستدایە کاتێک بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات لە ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە