رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی لیڤەرپوول نایانەوێت یانەکەیان گرێبەست لەگەڵ رۆدریگۆی هێرشبەری بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید بکات، هۆکارەکەیشی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەکەیە، چونکە پێستر ئەو یاریزانە گاڵتەی بە ئەستێرە میسرییەکە کردووە.
دوای ئەوەی لە میدیاکانەوە هەواڵی بایەخپێدانی لیڤەرپوول بە رۆدریگۆ بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە، هاندەرانی یانەی رێدز لە سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێکیان بۆ رەتکردنەوەی ئەو گرێبەستە دەستپێکردووە، بەهۆی ئەوەی پێشتر رۆدریگۆ لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گاڵتەی بە محەممەد سەڵاح کردووە.
محەممەد سەڵاح، کە خۆشەویستی هاندەرانی رێدزە، بەر لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2022 لە پاریس، رایگەیاند "یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەرفەتێکی باشە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ریال مەدرید". بەڵام ریال مەدرید لە لیڤەرپوولی بردەوە و بووە پاڵەوانی ئەورووپا.
رۆدریگۆ دواتر لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا روونیکردەوە کە چۆن لۆکا مۆدریچی هاوڕێی لە دوای یاریی کۆتایی پاریس لە تونێلەکەدا بەئاشکرا گاڵتەی بە سەڵاح کردووە و پێیگوتووە "جاری داهاتوو هەوڵ بدەرەوە".
رۆدریگۆ کە ئەوکات تەمەنی 21 ساڵ بوو، لە بەرنامەکەدا زیاتر گوتی "کاتێک کەسێک گاڵتەت پێدەکات، هەندێکجار تەنیا ئەوەی کە دەبێت بیکەیت سەرکەوتنە بەسەریدا بۆ ئەوەی بتوانیت گاڵتەی پێ بکەی".
ئەو یاریزانە بەرازیلییە هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی "لە مەشقەکاندا بەیەکدیمان دەگوت: وەرە سەڵاح وەرە سەڵاح، لە مێشکماندا جێگیربوو کە دەبێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین بۆ ئەوەی گاڵتە بە سەڵاح بکەین".
یانەی لیڤەرپوول دەیەوێت داروین نونێزی هێرشبەری بفرۆشێت و لە شوێنی ئەو گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی دیکە بکات، کە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی پاڵەوانی پرێمەرلیگ دەیانەوێت رۆدریگۆ بکەنە هاوڕێی سەڵاح لە شوێنی نونێز، هەرچەندە ریال مەدرید لە بەرامبەر فرۆشتنی داوای 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ