هاندەرە شوومەکەی مۆندیال بناسە، درێسی کێ بپۆشێ دەیدۆڕێنێت

14-12-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کەسایەتییەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی بەوە دەرکردووە کە "شوومترین هاندەرە" و درێسی هەر هەڵبژاردەیەک بپۆشێ دەدۆڕێت، تاوەکو ئێستا هاندەری هەشت هەڵبژاردە بووە و هەر هەشتیان دۆڕاون.
 
ئەو کەسە بە "مجومبا" ناسراوە و بە کەسایەتییەکی کۆمیدیی عوممانی نێوبانگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکردووە، ناوی راستەقینەی محەممەد حەجەرییە، بووەتە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە مۆندیالدا، دوای ئەوەی تێبینی کراوە کە هاندەری هەر هەڵبژاردەیەک بێت بەشی دۆڕاندن دەبێت. دوایین هەڵبژاردەش کە مجومبا هاندەری بوو، کرواتیا بوو بەرامبەر بە ئەرجەنتین.
 
مجومبا دوێنێ سێشەممە لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، درێسی هەڵبژاردەی کرواتیای پۆشیبوو لە یارییەکەی بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە ئەنجامیشدا کرواتیا بە دۆڕانێکی قورس بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر، یارییەکەی دۆڕاند و ئەرجەنتینیش بۆ یاری کۆتایی سەرکەوت.
 
بەم شێوەیە، هەڵبژاردەی کرواتیاش چووە لیستە شوومەکەی مجومبا. 
 
شوومی مجومبا
 
ئەم شوومییەی مجومبا ئێستا دەنگیداوەتەوە لە مۆندیالدا، ئێستا وەکو "شوومترین هاندەر" ناوی دەبەن. بەڵام ئەم نازناوە هەر وا بەبێ بنەما نەهاتووە، بەڵکو چیرۆکی خۆی هەیە.
 
لە یاری کردنەوەی مۆندیالدا لەنێوان قەتەر و ئیکوادۆر، مجومبا ئاڵای قەتەری لەخۆی ئاڵاندبوو و هاندەری قەتەر بوو، لە ئەنجامدا قەتەر بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر بە ئیکوادۆر دۆڕا.
 
دوای ئەوە، سەرەڕای ئەوەی وا لێکدەدرایەوە کە بردنەوەی هەڵبژاردنەی ئەرجەنتین بەرامبەر بە هەڵبژاردەی سعودیە گەرەنتی بوو، لەو یارییەدا مجومبا هاندەری ئەرجەنتین بوو و وەکو سوپرایزێکی گەورەی ئەم مۆندیالە، ئەرجەنتین بەرامبەر بە سعودیە دۆڕا و بە ئەنجامی 2-1.
 
دوای ئەوە، لە قۆناخی هەشتدا مجومبا درێسی بەرازیلی پۆشی لە یارییەکەی بەرامبەر بە کرواتیا، بەڵام بە لێدانی یەکلاکەرەوە بەرازیل دۆڕا و کرواتیا بۆ قۆناخی پێش کۆتایی سەرکەوت.
 
هەروەها لە یاری هۆڵەندا بەرامبەر بە ئەرجەنتین، مجومبا هاندەری هۆڵەندا بوو، بەڵام ئەرجەنتین یارییەکەی بردەوە و هۆڵەنداش دۆڕا و مۆندیالی جێهێشت.
 
هەر بۆ نوکتە، رۆژنامەڤانێکی مەغریبی داوای لە مجومبا کرد لە یاری هەڵبژاردنەی مەغریب بەرامبەر بە پۆرتوگال، درێسی پۆرتوگال بپۆشێ بۆ ئەوەی شوومبوونی مجومبا تووشی پۆرتوگالیش بێت. مجومبا بە دەنگی داواکەوە هات و لەو یارییەدا درێسی پۆرتوگالی پۆشی و مەغریب یارییەکەی بردەوە و پۆرتوگال دۆڕا.
 
لە یاری رۆژی سێشەممەشدا لەنێوان ئەرجەنتین و کرواتیا، مجومبا هاندەری کرواتیا بوو و درێسەکەی پۆشیبوو، بەڵام کرواتیا بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەکەی دۆڕاند و لەبەرامبەر ئەرجەنتین شکستیهێنا.
 
ئێستا لە کەنداو، مجومبا یەکێکە لە هاشتاگە ترێندەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاندەران چاویان لەوە لە یاری کۆتایی مۆندیالدا مجومبا هانی کێ دەدات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە