رووداو دیجیتاڵ
لە هەواڵێکی بەپەلەدا، فیفا رایگەیاند کە دوای دوو رۆژی دیکە براوەکانی زە بێست ئاشکرا دەکات. یانەی زاخۆش بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند کە فیفا داوای ڤیدیۆی هاندەرانیان لێکردووە و بەشێوەی ئۆنلاین بەشداری دەکەن.
فیفا ئەمڕۆ بەفەرمی وادەی ئاهەنگی خەڵاتی باشترینەکانی تۆپی پێی فیفا بۆ ساڵی 2025 راگەیاند.
دەستەی بەڕێوەبەری تۆپی پێ لە فیفا ئاشکرای کرد کە ئاهەنگی خەڵاتی باشترین تۆپی پێی فیفا رۆژی سێشەممە 16ـی12ـی2025 بەڕێوەدەچێت، کە براوەی خولی دەیەمی خەڵاتی باشترین تۆپی پێی فیفا لەمیانی خوانێکی ئێوارەدا لە دۆحەی قەتەر رادەگەیێنرێت.
فیفا هەروەها ئاشکرای کردووە کە هاندەران رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە دیاریکردنی براوەی خەڵاتە جیاوازەکان و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاهەنگەکە راستەوخۆ لە ماڵپەڕی FIFA.com پەخش دەکرێت.
فیفا روونیکردەوە، لە سەروبەندی یاریی کۆتایی جامی کیشوەرەکانی فیفا - قەتەر 2025 لەنێوان پاریس سانجێرمان و فلامینگۆ لە یاریگەی ئەحمەد بن عەلی، باشترین یاریزان و راهێنەری پیاو و خانمانی ساڵی 2025 لەمیانی خوانێکی گەورەدا لە هۆڵی ئاهەنگی کاتارا لە هۆتێل فێرمۆنت لە دوەحە رادەگەیێنرێت.
پێش رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان، دیارترین ئەندامانی گشتی، باشترین گۆڵپارێزەکانی پیاو و خانمان، و جوانترین گۆڵەکان لە رێگەی ڤیدیۆی دیجیتاڵی لە پلاتفۆرمی فیفا و سۆشیال میدیا ئاشکرا دەکرێن..
ئێوارەخوانە گەورەکە نزیکەی 800 کەسی VIP بەشدار دەبن، لەوانە سەرۆکی فیفا، ئەندامانی ئەنجوومەنی فیفا، ئەفسانەی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان، نوێنەرانی کۆمەڵە ئەندامەکان، باڵیۆزی ناوخۆیی و ناوچەیی، و کەسایەتییە دیارەکانی دیکەی جیهانی تۆپی پێ.
ئەوەی ئەمجارە بۆ کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هاندەرانی یانەی زاخۆ بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان.
لەو بارەیەوە یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "فیفا بەفەرمی ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژی 16ـی12ـی2025 ئەنجامەکان رادەگەیێنرێن و هیچ شاندێکیان بەشداری ناکات، چونکە بەشێوەی ئۆنلاین خەڵاتەکە ئاشکرا دەکرێت".
دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی زاخۆ بەیەکێک لە سێ بەربژێری بردنەوەی زە بێستی باشترین هاندەری جیهان راگەیێنرا، لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە هەڵمەتی دەنگدان بە یانەی زاخۆ دەستیپێکرد، کە پێشبینی دەکرێت هاندەرانی یانەی زاخۆ بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ دوو رکابەرەکەی خەڵاتەکە بباتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ