رووداو هەولێر
رووداو سپۆرتس بۆ بەدواداچوونی دۆخی پێکانەکەی ئاکام هاشم، پەیوەندی بە یانەی زەوراوە کرد و دڵنیایی ئەوەی لێوەرگرت کە پێکانی ئەو یاریزانە کوردە قورس نییە.
ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی یانەی زەورا تووشی پێکان بووە، یانەکەی لە رێگای رووداو سپۆرتسەوە دڵنیایی دەداتە هاندەرانیان کە پێکانەکەی سووکە و چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی داهاتوو بگەڕێتەوە نێو راهێنان و هاوڕێکانی.
ئەو ئەستێرە کوردە وەرزی ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی زەورا واژۆکرد، لەگەڵ تیپەکەی گەشتی میسری بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی راهێنانی دوو هەفتەیی کردووە، لەنێو راهێنانەکان ئاکام هاشم تووشی پێکان لە ماسوولکەکانی رانی بووە و ئێستا دەستەی پزیشکی تیپەکەی سەرقاڵی چارەسەری سرووشتین لەگەڵ یاریزانەکە.
ئەحمەد سەعید، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندن لە یانەی زەورا لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "پێکانەکەی ئاکام هاشم مەترسیدار نییە و پێویستی بە پێنج رۆژی دیکەیە بۆ ئەوەی پشوو بدات. دەبێت چارەسەری سرووشتی بەسەرپەرشتی پزیشک و راهێنەری لێهاتوویی جەستەیی وەربگرێت".
ئاکام هاشم، خەڵکی شاری هەولێرە و سەرەتا لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەرکەوت، لە دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق وەک یاریزانی دڵی بەرگری بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا، بەڵام بەهۆی پێکان ناتوانێت بەشداری جامی شای تایلەند بکات و ناوی لە دوایین لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکە نەبوو.
بەرپرسی راگەیاندنی نەورەسەکانی بەغدا لەبارەی چارەسەری داهاتووی ئەستێرەکەیان روونیکردەوە "تیپەکەمان سبەی یەکشەممە کۆتایی بە کەمپی راهێنانەکەی لە میسر دەهێنێت و دەگەڕێنەوە بەغدا، بڕیارە پشکنینی زیاتر بۆ ئاکام هاشم بکەن و چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە پێکانەکەی سووک بێت".
وەرزی ئەمساڵ یانەی زەورا بەسەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهد، گەورە راهێنەری عێراق گرێبەستی گرانبەهای کردووە و تیپەکە چاوی لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی عێراق و ئەنجامێکی باشە لە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ