رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ریال مەدرید هێرشێکی تووندی کردووەتە سەر سانچێز مارتینێزی ناوبژیوانی یاریی ئەمڕۆی یانەی شاهانە بەرامبەر مایۆرکا و دەڵێت "سێ هۆکار وایانکردووە ریال مەدرید لەم ناوبژیوانە بترسێت".
ئەمڕۆ ریال مەدرید لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی خولی ئیسپانیادا رووبەڕووی ریال مایۆرکا دەبێتەوە، بەئامانجی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و گوشارخستنە سەر بارسێلۆنای پێشەنگ، کە ئەویش یارییەکی سەختی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید هەیە.
ریال مەدرید لەم یارییەدا بێبەش دەبێت لە ئەستێرە و کاپتنە ئۆرۆگواییەکەی، فیدی ڤاڵڤێردی، کە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی دێربیدا راگیراوە، بەڵام لە بەرامبەردا جود بێلینگهامی ئینگلیزی و ئێدێر میلیتاوی بەرگریکاری بەرازیلی بۆ دەگەڕێتەوە.
کەناڵی فەرمی ریال مەدرید جارێکی دیکە هێرشەکانی ئاراستەی ناوبژیوان کردەوە، بەتایبەت کە مێژووی ناوبژیوان سانچێز مارتینێز لەگەڵ تیپەکەدا باش نییە و لە وەرزەکانی دواییدا ناوبژیوانی چەندین یاریی نێوان ئەم دوو تیپە بووە، لەوانەش یاریی قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی لالیگا.
وەک ئەوەی کەناڵی ریال مەدرید باسی دەکات، سێ هۆکار هەن وایانکردووە ریال مەدرید لەم ناوبژیوانە بترسێت:
1 - پەیوەندی بە نێگرێراوە هەیە
ناوبژیوان سانچێز مارتینێز پێشتر دانی بەوەدا ناوە کە جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانان، ئێنریکی نێگرێرا، هۆکار بووە بۆ سەرکەوتنی ئەو بۆ پلەی ناوبژیوانان لە خولی پلەیەکی ئیسپانی (لالیگا). لەبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی نێگرێرا دەکرێن سەبارەت بە پەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا، ریال مەدرید گومانی لەو ناوبژیوانە هەیە کە ئەمڕۆ یارییەکەی میرینگێ بەرامبەر مایۆرکا بەڕێوە دەبات.
2 - رەتکردنەوەی 3 گۆڵ لە یاریی چووندا
سانچێز مارتینێز ناوبژیوانی یاریی قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزی لالیگا لە نێوان ریال مەدرید و مایۆرکا بوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە تێیدا 3 گۆڵی یانەی شاهانەی رەتکردەوە؛ دووانیان بۆ کیلیان ئێمباپێ بوو بە پاساوی ئۆفساید، سێیەمیان بۆ ئاردا گولەر بوو بەپاساوی بەرکەوتنی تۆپ بە دەست.
3 - بێدەنگبوون لەئاست یاریی تووندوتیژ
لە وەرزی 2021-2022، سانچێز مارتینێز یاریزانی مایۆرکا مافیۆی بە کارتی سوور دەرنەکرد هەرچەندە زۆر بەتووندی لە ڤینیسیۆس جونیۆر. یانەی شاهانە دەترسێت ناوبژیوان چاوپۆشی لە یاریی تووندی یاریزانانی مایۆرکا بکات و یاریزانەکانی لەم قۆناخە یەکلاکەرەوەیەی وەرزەکەدا تووشی پێکان ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ