رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە شاندی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق کرد و بەبۆنەی گەیشتنیان بە مۆندیال، خەڵاتی گەورەی بەخشییە یاریزانەکان.
سوودانی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە هەموو وەزیرەکانی حکومەتی عێراق و ماڵباتی یاریزانان تێیدا ئامادەبوون، پێشوازیی لە شاندی هەڵبژاردەی عێراق کرد، دوای ئەوەی سەرکەوتنیان بەرامبەر بۆلیڤیا بەدەستهێنا و دوای 40 ساڵ جارێکی دیکە هەڵبژاردەی عێراقیان گەیاندە مۆندیال.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا سوودانی یەک بە یەک پێشوازیی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی کرد و دوای ئەوەش وێنەی یادگارییان بەیەکەوە گرت.
دوای ئەوە محەممەد شیاع سوودانی، قسەی بۆ شاندی هەڵبژاردەی عێراق و ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە کرد و پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەکە کرد و گوتی "بۆ یەکەمجار لە 1986 لە مەکسیک بەشداریمان لە مۆندیالدا کردووە و لە مەکسیکەوە گەڕاینەوە بۆ مۆندیال، ئەوەی ئێوە بەدەستتانهێناوە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە. پیرۆزبایی لە ئێوە و دەستەی راهێنەران دەکەم."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیالی 2026 و رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەکانی نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال گوتی "بەشداریکردنمان لە یارییە مۆندیالدا تەنیا بۆ ئامادەبوون نابێت، بەڵکو دەمانەوێت بیسەلمێنین، شایستەی بەشداریکردن و ئامادەبوونین، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵەکەمان یەکێکە لە سەختترین کۆمەڵەکان (فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال)، بەڵام ئێمە متمانەمان پێتانە کە دەتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن."
دوای ئەوە محەممەد شیاع سوودانی بڕیارییدا یاریزانانی هەڵبژاردەکە بە چەند خەڵاتێکی جیاواز پاداشت بکات و گوتی "هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەکە بە خانوویەکی تایبەت لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەسەر رێگەی فرۆکەخانەی بەغدا خەڵات دەکرێن. پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەدرێت بە هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەکە و دەستەی هونەری و ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە."
جگە لەوەش شەقامێکی گشتی لە بەغدا و هەموو پارێزگاکان بە ناوی "شێرەکانی رافیدەین" دەکرێت.
پەیکەرێکی تایبەت وەکو دەستکەوتی مێژوویی لە مۆزەخانەی تایبەتی هەڵبژاردەی عێراق دادەنرێت لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
گۆرانییەکی تایبەت بۆ هەڵبژاردەی عێراق بەبەشداریی هەموو هونەرمەندە نێودارەکانی عێراق ئامادەدەکرێت.
هەموو خولەکانی دەرچوونی ئەمساڵ لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە ناوی "شێرەکانی رافیدەین" دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ