رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بەتەواوی لە گواستنەوەی دین هاوسن، بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی بۆرنمۆوس نزیکبووەتەوە و یاریزانەکە لە چەند کاژێری داهاتوودا دەبێتە یاریزانی یانەکە.
دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بۆرنمۆوس بەخێرایی چوونە پێشەوە و هەنگاوی باشیان بڕی، یانە ئیسپانییەکە بەتەواوی لە گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارەکە نزیکبووەتەوە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن "لە ماوەی 24 تاوەکو 48 کاژێری داهاتوودا، ریال مەدرید بەتەواوی رەزامەندی لەسەر مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە دەدات و هەموو شتێک کۆتاییدێت."
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "هاوسن یاریزانی ریال مەدریدە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکەی ماوە."
ئیدۆ ئاگێری، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت "هەموو شتێک کۆتاییهات و رێککەوتن لەبارەی گواستنەوەی هاوسنەوە کراوە."
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان نزیکەکانی هاوسن گەیشتوونەتە مەدرید بۆ ئەوەی کارەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە بۆرنمۆوسەوە بۆ ریال مەدرید تەواوبکەن.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی دین هاوسن، لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە 50 ملیۆن یۆرۆیە، ریال مەدرید پارەی گواستنەوەی یاریزانەکە بە سێ قیس دەیدات، یەکەمجار 25 ملیۆن یۆرۆ کە نیوەی پارەکەیە، دوای ئەوەش بە دوو قیست 12.5 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە 25 ملیۆن یۆرۆی دیکە دەداتە یانە ئینگلیزییەکە.
جگە لە ریال مەدرید یانەکانی چێڵسی، لیڤەرپوول و ئارسیناڵ داوای ئەو یاریزانە دەکەن و گرنگی بە گواستنەوەی دەدەن، بەڵام ریال مەدرید نزیکە لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە و بردنەوەی گرەوەکە.
ریال مەدرید دوای ئەوەی لەم وەرزەدا نەیتوانی ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت و هیچ نازناوێکی نەبردەوە، بۆ وەرزی نوێ قۆناخێکی نوێ لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ دەستپێدەکات و چەند یاریزانێکی نوێ دەگوازێتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانیشی دین هاوسنی 20 ساڵە، کە ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا 34 یاریی بەدرێسی بۆرنمۆوسەوە ئەنجامداوە و ئێستا یەکێک لە دیارترین بەرگریکارە لاوەکانی پرێمەرلیگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ