دەبوو وانەبێت

15-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ڤیکتۆر یۆکیرێش
A+ A-
 
 
نابێ و ناکرێ یانەی نەورۆز وەک موڵکی کەسێک سەیر بکرێت. نابێ بە یانەی کەسایەتییەک یان سیاسییەک و لایەنگرەکانی تەماشا بکرێت. چونکە لە بنەمادا یانەکە بەو شێوەیە نییە.
 
نەورۆز موڵکی کەسێک نییە تاوەکو بێت و قۆرخی بکات، سیاسییەکانیش سلێمانیش نابێ و نەدەبوو بەهەمان چاوەوە سەیری بکەن.. نەورۆز مەیدانێکی سیاسییش نییە تاوەکو مەیدانبازیی سیاسیی تێدا بکەن، نەورۆز یانەیەکی وەرزشییە و موڵکی هاندەرەکانیەتی نەک ئەم سیاسی و ئەویدیکە.
 
نەورۆز، لەپاش ساڵانێک لە بێبەشبوونی شاری سلێمانی لە یانەیەکی وەرزشیی جەماوەری، هات و بۆشاییەکی گەورەی پڕکردەوە. کاتێک ساوا بوو بەداخەوە دەستیان نەگرت، کە کەوتە سەرپێ ، لەبری دەستگیرۆیی کار بۆ لەناوبردنی دەکەن.
 
سەیرە ململانێی سیاسی و حیزبی، لەپاش هەموو ئەوەی لە بوارە جیاوازە بازرگانی و سیاسییەکەدا هەیە، ببرێتە بەردەرگای یانەیەکی وەرزشی و شەڕ بەرۆکی هەرکەسێک بگرێت بەبەردەمیدا تێپەڕێت.
 
دەڵێی لە هیچ سوچێکی دونیادا زەوی نەماوە و لە هیچ شوێنێکی سلێمانیدا شوێن بۆ پڕۆژەی بازرگانیی نەماوە، وا هاتوون و بەرۆکی چەند هەزار مەترێک زەویی چواردەوری یاریگەی نەورۆزتان گرتووە و پێتانواتە هەرچی هەنگوێنی دونیایە لەوێدا کۆبووەتەوە و هەرچی خێر و بێر و پارە هەیە، لەوێدا هەڵگیراوە.
 
لە راستیدا بەرۆک گرتنی زەوییەکانی چواردەوری یاریگەی نەورۆز، بۆ خزمەتی کەس نییە، بۆ ئاوەدانکردنەوەی سلێمانیش نییە، بۆ ئەوەش نییە دەشتاییەک بکەیتە سەوزایی، تەنیا جەنگێکی سیاسییە بەرامبەر یانەیەکی وەرزشی، کە بووەتە سەرئێشە بۆ هەندێک لە سیاسییەکان.
 
بیانووگرتن بەزەوییەکانی چواردەوری یاریگەی نەورۆز و بیانوو هێنانەوە بۆ ئەوەی بکرێتە شوقە و باڵەخانە و بەخشینەوەی بەخێرایی و بڕیاردانی خێراتر بۆ دروستکردنی، لە کاتێکدا یاریگەکە خۆی هێشتا، کێشەی ئاو و کارەبای هەیە، هیچ نییە جگە لە رێگریکردن لە دڵخۆشبوونی ئەو هاندەرانەی دەیانویست بەدیار سەرکەوتنەکانی نەورۆزەوە دڵخۆش ببن.
تێناگەم بۆچی دەیان ساڵە، زەوییەکانی چواردەوری یاریگەکە بێناز کەوتوون و هەرهێندەی هاندەر کۆبوونەوە، سیاسیەک دێت و دەڵێ، دەیکەمە شوقە و باڵەخانە و ئەویدیکەش دەڵێ، ئەوەی لێی نزیک ببێتەوە قاچی دەشکێنم!
 
تێناگەم بۆچی نەورۆز بووەتە سەرئێشە بۆ سیاسییەکانی سلێمانی، تۆ یانەیەک لە شارەکەدا دروستبووە، بووەتە جێگەی دڵخۆشیی دەیان هەزار کەس، هەفتانە بۆ بینینی یارییەکانی لە یاریگەکەیدا کۆدەبنەوە، هانی دەدەن و پێیەوە دڵخۆشن، سەرقاڵییەکی باشی بۆ خەڵک دروستکردووە، ئیدی تێناگەم بۆچی لێی دەترسن؟
 
ئەگەر کەسێک بێت و بڵێ ئەوە ترس نییە.. بەدڵنیاییەوە بیانوو هێنانەوەیە بۆ ئەوەی دەکرێت. ئاخر کەی رەوایە تۆ بۆ ئەوەی خەڵک بێزاربکەیت لەوەی بچنە یاریگەی ئەو یانەیە ، بێیت و بەچاوترووکانێک زەوییەکانی چواردەوری دابەش بکەیت و کارێک بکەیت کەس لەوێ نەتوانێ کاتێک دەچێتە یاریگە بۆ بینینی یارییەکی یانەکە، ئۆتۆمبێلەکەی لەوێ رابگرێت.
 
ئەمە هیچ نییە جگە لە گەمەیەکی سیاسیی ناشرین و قێزەون، گەمەیەک کە لەپێناو سیاسەتەدا دەکرێ. گەمەیەک کە سیاسییەکان بازرگانانە و بزنسمانانە بۆ گیرفانی خۆیانی دەکەن، ئەوان دەڵێن با ئێمە قازانجی سیاسی و ئابووریی خۆمان بکەین، ئەوکات خەڵک و هاندەر، دڵخۆش دەبن یان دڵخۆش نابن، کەیفی خۆیانە. ئەوان دەڵێن وەرزش لە شارەکەدا هەیە یان نییە، کێشەی ئێمە نییە، گەنج کەیفی خۆیەتی بۆ سەرکەوتنی یانەکەی دڵخۆش دەبێت یان بۆ کەوتنی، دەگری.
 
دەستگیرۆیی نەورۆز، واتە دڵخۆشکردنی گەنجی خێرلەخۆنەدیوی شارەکە، واتە دۆزینەوەی هۆکارێک بۆ بەختەوەریی لای ئەو لاوانەی تەنیا بۆ هاندانی یانەیەک و هیچی دی روویان لە یاریگەکەی دەکرد، نازانم کۆبوونەوەی دە هەزار کەس کە بۆ سەیرکردنی یارییەک دێنە یاریگەیەکەوە بۆ بووەتە دیمەنێکی هێندە تۆقێنەر و جەرگبڕ کە وا زوو سیاسییەکانی سلێمانی لێی بەدەستهاتوون و دەیانەوێت لەناوی بەرن؟
 
تێناگەم ئەگەر گەنجی شارەکە دڵیان خۆش بێت، بۆ سەرکەوتنی یانەیەک هەڵپەڕن، ئاهەنگ بگێڕن و مورتاح بن، بۆ دەبێ لای سیاسییەکانی شارەکە هێندە جێگەی ترس بێت، بێن و ئامادەبن هەموو شتی لەناوببەن، تەنیا لەبەرئەوەی نایانەوێت خەڵک بۆ شتێک کۆببنەوە، کە بەدڵی ئەوان نییە و لەوانەیە خزمەت بەوان نەکات؟ تێناگەم بۆ هێندە لێی دەترسن؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە