رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەکانی وەرزش قازانجێکی خەیاڵی بەدەستدەهێنن، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران لە سەرانسەری جیهاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چاودێرییان دەکەن، بەڵآم کەسیان هێنەدەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەرناگرێت.
وەرزشوانان لەبەرامبەر گرێبەستی سپۆنسەری و پۆستە ریکلامییەکان لەسەر هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی "ئینستاگرام"، پارەی خەیاڵی وەردەگرن.
بەگوێرەی ئەوەی هەژماری capitangolmx باسی کردووە، ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، لە بەرامبەر هەر پۆستێکی لە ئینستاگرامدا 3.23 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، کە نزیکەی 660 ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە.
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی، نزیکترین رکابەری رۆناڵدۆیە، کە براوەی جامی جیهانی لە بەرامبەر هەر پۆستێکدا 2.6 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
رۆناڵدۆ یەکەم کەسە لەسەر ئاستی جیهان کە ژمارەی فۆڵۆوەرسەکانی لەسەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یەک ملیار کەسی تێپەڕاندووە.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی لەم دواییانەدا باسی کردووە، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە زیاتر لە 100 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" و زیاتر لە 660 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لە "ئینستاگرام" هەیە.
سەرەڕای ئەوەش، رۆناڵدۆ بەم دواییانە کەناڵی تایبەتی خۆی لە "یوتیوب" کردەوە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 75 ملیۆن سەبسکرایبەری کۆکردووەتەوە.
هەروەها رۆناڵدۆ زیاتر لە 171 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لە "فەیسبووک" هەیە و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چینیش نێوبانگێکی زۆری هەیە.
خاوەنی 5 باڵۆندۆر ئێستا پشووەکەی لەگەڵ خێزانەکەی لە مایۆرکای ئیسپانیا بەسەردەبات، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ مەشقەکانی یانەی نەسڕی سعودی، کە بەم دواییانە گرێبەستەکەی بۆ دوو ساڵی داهاتوو نوێکردەوە، کە هاونیشتمانییەکەی، خۆرخێ خیسۆس، ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بۆ ماوەی ساڵێک گرتەدەست، بەئامانجی دروستکردنی تیپێکی بەهێز کە لە وەرزی داهاتوودا کێبڕکێ لەسەر هەموو پاڵەوانێتییەکان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ