رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، یەکەمین کاردانەوەی خۆی بەرامبەر دەستنیشانکردنی خۆرخێ خیسۆسی هاونیشتمانییەکەی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی نیشاندا و بە پەیامێک "بەخێرهاتنی" کرد.
یانەی نەسڕ بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ خۆرخێ خیسۆسی پۆرتوگالی راگەیاند، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ لویس کاسترۆ، نەیتوانی هیچ نازناوێکی گەورە بەدەستبێنێت.
رۆناڵدۆی براوەی پێنج نازناوی باڵۆندۆر، لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی یاریکردنی لە خولی سعودیەدا، تەنیا یەک نازناوی جامی یانە پاڵەوانەکانی عەرەبی بەدەستهێناوە، بەڵام فەرمی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ دوو ساڵی دیکە، سوورە لەسەر گەڕانەوە بۆ سەر رێڕەوی بردنەوەی نازناوەکان.
بەپێی راپۆرتەکان، خیسۆس ئەو راهێنەرە بووە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای کردووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی یانەکە بکات.
خۆرخێی تەمەن 70 ساڵ، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە سعودیە هەیە، کاتێک پێشتر راهێنەرایەتیی یانەی هیلالی کردووە و نازناوی خولی رۆشن، جامی شا و دوو جاریش جامی سوپەری سعودیەی لەگەڵدا بەدەستهێناوە.
راهێنەرە نوێیەکەی نەسڕ لە لێدوانێکدا رایگەیاند "بەبێ بانگهێشتەکەی رۆناڵدۆ، بەدڵنیاییەوە من لێرە نەدەبووم. پاڵنەرەکە گەورە دەبێت و هەوڵدەدەم نەسڕ نازناوەکان بباتەوە".
ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە هەروەها گوتی "کریستیانۆ یاریزانێکە هەمیشە هەموو شتێکی بردووەتەوە، بەڵام هێشتا لە سعودیە نازناوی نەبردووەتەوە. دەبینم ئایا دەتوانم یارمەتی بدەم".
گرێبەستە نوێیەکەی رۆناڵدۆ وادەکات تاوەکو دوای 42 ساڵەی لەدایکبوونی لە یانەکە بمێنێتەوە. ئەو هیچ نیشانەیەکی پاشەکشەی نیشان نەداوە و دوو وەرزی لەسەریەک بووەتە گۆڵکاری خولی سعودی، بەڵام بۆ گەیشتن بە نازناوە بەکۆمەڵەکان، پێویستی بە پاڵپشتیی زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ