ترەمپ خەڵاتی ئاشتیی فیفای پێبەخشرا؛ "ژیانی ملیۆنان کەسمان رزگار کردووە"

دوێنێ کاژێر 11:06
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە یەکەم کەس لە مێژوودا خەڵاتی ئاشتیی فیفای پێببەخشرێت. جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لە رێوڕەسمی تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە واشنتن خەڵاتەکەی بەخشییە ترەمپی تەمەن 79 ساڵ.
 
رۆژی هەینی 05-12-2025 لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، ترەمپ رایگەیاند، "ئەمە بەڕاستی یەکێکە لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانم. بەدەر لە خەڵاتەکان، ئێمە ژیانی ملیۆنان و ملیۆنان کەسمان رزگار کردووە."
 
ئینفانتینۆ گوتی، ترەمپ خەڵاتەکەی بەهۆی "کارە نائاسایی و ناوازەکانی" بۆ برەودان بە ئاشتی و یەکڕیزی لە سەرتاسەری جیهان بەدەستهێناوە. فیفا مانگی رابردوو خەڵاتەکەی راگەیاند و گوتی، ساڵانە بەو کەسانە دەبەخشرێ کە "هیوا بە نەوەکانی داهاتوو دەبەخشن."
 
هاوپەیمانێتیی ئینفانتینۆ و ترەمپ
 
پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان ئینفانتینۆی تەمەن 55 ساڵ و ترەمپدا دروستبووە. سەرۆکی فیفا لەوکاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی لە مانگی یەکەوە، زیاتر لە هەر سەرکردەیەکی جیهان سەردانی کردووە.
 
ترەمپ بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە شایەنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵە بەهۆی رۆڵی لە کۆتاییهێنان بەو هەشت جەنگەی کە دەڵێ ئەم ساڵ کۆتایی پێهێناون، لەنێویاندا شەڕی غەززە. مانگی رابردوو، لیژنەی نۆبڵی نەرویجی خەڵاتەکەی بەخشیە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا.
 
فیدراسیۆنە وەرزشییەکە کە هەمیشە بانگەشەی بێلایەنیی سیاسیی خۆی دەکات، بەهۆی پێدانی خەڵاتەکە بە ترەمپ رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.
 
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) رەخنە لە فیفا دەگرێ و دەڵێ، نامەیان بۆ رێکخراوەکە نووسیوە و داوای لیستی بەربژێران، دادوەران و پێوەرەکانی خەڵاتەکەیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە