رووداو دیجیتاڵ
نامەیەکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ یانەی بارسێلۆنا، ئەو یانەیەی زیاتر تووڕەکردووە، پاشئەوەی فیدراسیۆنەکە روونی کردووەتەوە، هیچ گوشارێکیان لەسەر لامین یامال بۆ یارییکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکە دروستنەکردووە و ئازادیان کردووە لە بڕیاردان.
لامین یامال، دوێنێ بەهۆی هەستکردن بەئازارەوە لە سمتیدا، بەشداریی یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر ڤالێنسیای نەکرد. پێشتر هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە رایگەیاندبوو ئەو ئەستێرە لاوە، بەپێکانەوە گەڕاوەتەوە بارسێلۆنا، پاش بەشداریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026.
یانەی بارسێلۆنا لەدوای نامەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، پێیانوایە بەرپرسیارێتیی پێکانی یاریزانەکە دەکەوێتە ئەستۆی پزیشکەکانی فیدراسیۆنەکە، هەڵەکە لەوەدابووە کە ئەوان یاریزانێکی تەمەن 18 ساڵیان سەرپشک کردووە لەوەی بڕیاربدات یاریی بکات یان نا.
میدیاکان دەڵێن نامەکە، گرژیی لە نێوان هەردوولادا دروستکردووە.
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێ، کارگێڕیی یانەکە لە شێوازی مامەڵەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر دۆخی یامال تووڕەن، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکەدا 79 خولەک و لە یاریی دووەمدا 73 خولەک یارییکردووە، وێڕای ئەوەی هەستی بەئازار کردووە.
بارسێلۆنا رۆژی شەممە پێکانەکەی لامینی راگەیاند و ئاشکرایکرد توانای مەشقکردنی نییە.
یانەکە هەروەها گوتبووی ئازاری یامال لەماوەی یارییە نێودەوڵەتییەکان دەستیپێکردووە.
یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەماوەی رابردوودا پەیوەندییەکی باشیان هەبووە و بەردەوام زانیارییان لەبارەی یاریزانەکانەوە ئاڵوگۆڕکردووە.
دەستەی پزیشکیی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، تەنانەت خاڤیێر گالانی تێدایە کە چارەسەرکاری سرووشتیی یاریزانانی یانەی بارسێلۆنایە و هەفتانە کاریان لەگەڵدا دەکات، لەگەڵ کلاودیۆ ڤاسکێز، سەرۆکی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا.
لەنێو نامەکانی هەردوولادا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ یانەی بارسێلۆنایان دووپاتکردووەتەوە کە لامین یامال ئازاری هەیە. لە نامەیەکی دیکەدا هۆشداریی داوە لەوەی کە لامین تەنانەت توانای مەشقی نییە و لە هوتێل دەمێنێتەوە و تەنانەت ئازارشکێنی ڤۆڵتارینی وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ