رووداو دیجیتاڵ
مارتن ئۆدیگارد، ئەستێرەی هەڵبژاردەی نەرویج رەتیدەکاتەوە هەڵبژاردەکەیان تەنیا ئێرلینگ هالاند بێت و دەڵێت "ئێمە تیپێکین لە 11 یاریزان پێکهاتووین لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی یەدەگ". دەشڵێت "یارییەکەمان بەرامبەر ئیسپانیا بۆ من تایبەت دەبێت، چونکە ساڵانێکی زۆر لە ئیسپانیا یاریم کردووە، زۆر لە یاریزانەکانی دەناسم".
ئەمشەو لە یارییەکی گرنگی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی نەرویج.
سەبارەت بەو یارییەی مارتن ئۆدیگارد لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "بێگومان یارییەکە بۆ من یارییەکی تایبەتە، ساڵانێکی زۆر لە ئیسپانیا یاریم کردووە، زۆر لە یاریزانەکانی دەناسم. بەڵێ پێموایە یاریکردن لەگەڵیان هێندەی دیکە تایبەتە بۆ من. بۆیە یارییەکی جوان دەبێت و وەک گوتم نابێت هیچ هەڵەیەک بکەین".
ئەو گوتیشی "هیوادارم بتوانین ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین کە دەمانەوێت، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێستا پێویستمانە، بۆیە یارییەکی گەورە دەبێت. و من بە پەڕۆشەوە چاوەڕێی یارییەکەم".
لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا هێزی هەڵبژاردەی نەوریج تەنیا لە ئێرلینگ هالانددایە؟ ئۆدیگارد، گوتی "هێزی ئێمە تەنیا لە ئێرلینگ هالانددا نییە، هێز لە تیپەکەدایە، ئێمە تیپێکین 11 یاریزانمان لە یاریگادا هەیە و ئینجا یەدەگەکانیش، بۆیە دەبێت وەک تیپێک یاری بکەین، بێگومان لەگەڵ ئێرلینگ لەوانەیە باشتر بین، ئەو یاریزانێکی جیهانییە، دەبێت وابکەین لە باشترین ئاستیدا بێت. بەڵام گرنگترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە وەک تیپێک کار بکەین، ئەگەر ئەوەمان کرد، هەموو یاریزانێک باشتر دەردەکەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ