توخێل 319 و خەونی مۆندیالێکی ئینگلیزییانە

15-11-2025
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تۆماس توخێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای 319 رۆژ لە دەستبەکاربوونی تۆماس توخێل وەک راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، گاری نێڤێڵ و زۆر ئەفسانەی دیکەی ئینگلتەرا، لەو بۆچوونانە پاشگەزبوونەتەوە کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بەرامبەر بەدەستنیشانکردنی راهێنەرێکی ئەڵمانی، بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی سێ شێرەکە هەیانبوو.
 
نیڤێڵ یەکێک بوو لە دەیان ئەفسانە و یاریزانەی پێشووی وڵاتەکە، کە دەستنیشانکردنی توخێلیان بە "نەگونجاو" بۆ هەڵبژاردەکە ناوبرد. ئەوکات نیڤێڵ گوتی "هەستناکەم راست بێت کەسێکی بیانی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی، پێموایە دەبێت ئینگلیز بێت".
 
وێڕای ئەو گومانە زۆرانەی خرانە سەر سەرەتاکانی دەرکەوتنی، ئینگلتەرای توخێل، بەئاست و ئەنجامەوە سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکرد، ئەوە رووداوێکی نوێ نییە بۆ ئینگلیزەکان، رووداوە نوێیەکە لە دەرکەوتنی هەڵبژاردەکەدایە بەبەرگێکی جیاواز، شێوازێکی جیاواز و ویستێکی جیاوازەوە.
 
ئەرکی یەکەمی توخێل، گەیاندنی ئینگلتەرابوو بۆ مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنەکەدا، توخێل، حەوت بردنەوەی بەسەریەکەوە بەدەستهێنا و نەیهێشت هیچ گۆڵێکی لێبکرێت، بۆ هەڵبژاردەیەک کە هەمووکات گۆڵکردن بۆی ئاسان بووە، بایەخەکە لەوەدایە کە هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.
 
دوای کەمتر لە ساڵێک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، توخێل دووپاتیکردەوە ئەو، ئەڵمانییەکی ناشارەزا بەکولتوور و شێوازی ژیان لە بەریتانیا نییە، تا لەبەر ئینگلیزنەبوونەکەی رەتبکرێتەوە، بەڵکو ئەو بەپاشخانی دوو وەرز کارکردن لە چێڵسی و لە دڵی لەندەندا، دەیزانی چۆن جڵەوی ئەرکەکە لە ئەستۆ بگرێت.
 
ئێستا ئینگلیزەکان بۆیان دەرکەوت، دەستنیشانکردنی تۆماس توخێل بە راھێنەری ئینگلتەرا، جووڵەیەکی بوێرانە و سەرکەوتووبووە. لەوەتەی دەستبەکاربووە، راھێنەرە ئەڵمانییەکە ھێزێکی نوێی بەخشیوە بە ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە تێکەڵکردنی پێکھاتەیەکی پتەو لەگەڵ یاریزانی بە ئامانج.
 
راھێنەرە ئەڵمانییەکە، یەکەم راھێنەری بیانییە کە لەم ساڵانەی دواییدا سەرپەرشتی 'سێ شێرەکە' بکات. کاتێک راگەیەنرا هەر لەسەرەتاوە ئەو مشتومڕە بەردەوامەی وروژاندەوە کە دەکرێ نائینگلیزییەک سەرپەرشتی خەونی ئینگلیزەکان بکات؟ 
 
میدیای ئینگلتەرا لەسەرەتاوە وەک هەمیشە، هەمان پرسیاریان وروژاندەوە، ئایا راھێنەرێکی بیانی دەتوانێت لە کولتوور و گوشاری سەرکردایەتیکردنی ئینگلتەرا تێبگات؟ ئێستا پێدەچێت وەڵامی پرسیارەکە زۆر روون بێت، بەڵێ دەکرێت.
 
تۆماس دوای تەنیا چەند مانگێک لە دەستبەکاربوونی، هەموو بۆچوونەکانی ئاوەژووکردەوە، ئەو نەک تەنیا سەرکەوتن، بەڵکو ستایلی یارییکردن و دڵنیاییەکی گەورەی بەهاندەرانی هەڵبژاردەکە بەخشیووە.
 
توخێل ماوەیەکی زۆری نەویست بۆئەوەی بیرۆکەکانی خۆی بەسەر تیپەکەدا زاڵ بکات، ئەو هەر زوو گۆڕانکاریی گەورەی لە شێوازی جووڵەی تیپەکە لە بەرگری و هێرشبەریدا. لەژێر دەستی توخێلدا، ئینگلتەرا بەبێ تۆپ زیاتر گوشار دەکات و کاتێک ھێرش دەبات بە ئارامی و ئامانجێکی زیاترەوە کار بۆ گەیشتن بە ویستەکەی دەکات. چەندین ناوی دیار گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە لە کاتێکدا زیاتر هەل بە یاریزانە گەنجەکان دەدات. ئەمەش رکابەریی و یەکڕیزییەکی نوێی ھێناوەتە ئاراوە.
 
توخێل، شێوازی 3-4-2-1 بەکاردێنێ کە ھاوسەنگی و کۆنترۆڵی زیاتری بە تیپەکە بەخشیوە لە ھەموو گۆشەیەکی یاریگادا.
 
لە بەرگریدا، ئینگلتەرا ئێستا بە سێ یاریزانی  بەرگری یاری دەکات، کە تیپەکەی زۆر جێگیرتر کردووە، وایکردووە باڵەکان ئازادانەتر جووڵە بکەن، یارمەتی ئینگلتەرا دەدەن کە زاڵ بن بەسەر لاباڵەکانی یاریگەدا. ئەمەش رێگەی داوە بە ئینگلتەرا کە بە شێوەیەکی رێکخراوتر و بە هاوبەشی بەرگری بکەن، ئەو بۆشاییانە دادەخەن کە پێشتر رکابەرەکان سوودیان لێ وەردەگرت.
 
لە ھێڵی ناوەڕاستدا، توخێل دوو یاریزانی ناوەڕاست، زیاتر (دیکلان رایس و ئیلیۆت ئەندێرسن) بەکاردێنێت کە بەرگرییەکە دەپارێزن و یارمەتی ئینگلتەرا دەدەن کۆنترۆڵی تۆپ بکات. دوای لەدەستدانی تۆپ، یاریزانانی ناوەڕاست بە خێرایی گوشار دەخەنە سەر تیپی بەرامبەر، تیپەکە لە ناوەڕاستی یاریگادا زیرەکتر، ھێرشبەرتر و پابەندتر بووە، ئەمەش ئینگلتەرای مەترسیدارتر کردووە.
 
لە ھێرشبردنیشدا، توخێل بە تەواوی شێوازی ئینگلتەرای گۆڕیوە، ھێڵی پێشەوەی زۆر بە جموجۆڵتر بووە. لەبری سێ یاریزانی پێشەوەی جێگیر، ئێستا سێگۆشەیەکی ھێرشبردنی جوڵاو بەکاردێنێت کە یاریزانەکان بە بەردەوامی شوێنەکانیان دەگۆڕن.
 
لە سیستمەکەی توخێلدا، جووڵەیەکی زۆر لە هێڵی پێشەوەدا دەبینرێت، هێرشبەرەکان، دەگەڕێنەوە ناوەڕاستی یاریگە و لە شوێنە تەسکەکاندا تێکەڵ دەبن، لە کاتێکدا باڵەکانی بەرگری بە خێرایی ھێرش دەبەن بۆ دابینکردنی فراوانی.
 
ھێرشبەرەکان چیدی تەنیا چاوەڕێی ھەلەکان ناکەن، ئەو راهێنەرە داوایان لێدەکات، بگەڕینەوە دواوە و هێڵەکان بەیەکدییەوە ببەستنەوە و بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر لە شوێنی خۆیان دەربھێنن و لەگەڵ خۆیاندا بەرەو ناوەڕاستی یاریگەیان ببەن، تاوەکو پاشان بە خێرایی ھێرش بکاتە سەر گۆڵ. ئەم جووڵەیە پێشتر ئینگلتەرا کێشەی لە دۆزینەوەیدا ھەبوو.
 
لە پشت پەردەشەوە، توخێل تۆڕی پشتگیری خۆی بەھێزتر کردووە. تیمێکی راھێنەری متمانەپێکراوی ھێناوە، لەوانەش ئانتۆنی باریی یاریدەدەری و ستافەکەی کە شارەزاییەکەی باشیان لە تۆپی پێی مۆدێرندا و کاری ئەوان هێزی زیاتری بەتیپەکە بەخشیوە. ئەوان کار بۆ پەیڕەوێکی نوێ و پێشکەوتنخوازانە دەکەن.
 
توخێل دوودڵنەبوو لە پێدانی بەڵێنی گەورەش. لە یەکەم لێدوانیدا بۆ میدیاکاران بە بوێری رایگەیاند "مۆندیالی داھاتوو دەبەینەوە". 
 
ئەرکەکە روونە ئینگلتەرا لە ساڵی 1966ەوە مۆندیالی نەبردووەتەوە، دەیان ساڵ نزیکبوون لە بردنەوەی نازناوەکان بەڵام نەبردنی نازناو گەلەکەی تینووی سەرکەوتن کردووە. شێواز و ئەنجامە سەرەتاییەکانی توخێل ئەوە پێشاندەدەن کە لەوانەیە ئەو کەسە بێت کە کۆتایی بەو وشکەساڵییە درێژە بھێنێت.
 
سەرەڕای گومانەکانی سەرەتا، شێواز و ئەنجامەکانی توخێل دڵی ھەردوو لایەنی ھاندەران و میدیاکانی بەدەستهێناوە. ئینگلتەرا ئێستا، متمانەبەخۆتر و یەکگرتووتر دەردەکەوێت وەک لە ساڵانی پێشوو. ئەو ژمارە گەورانە ئەوە پێشاندەدات کە لەژێر سەرپەرشتی توخێلدا، 'سێ شێرەکە' ئامانجی تەنیا گەیشتن نییە بە قۆناخەکانی کۆتایی لە پاڵەوانیەکاندا بەڵکو ئامانجەکەی، وەکئەو دووپاتیکردووەتەوە تەنیا بردنەوەی نازناوەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە