رووداو دیجیتاڵ
جێد سپێنس، یاریزانی یانەی تۆتێنهام دەبێتە یەکەم یاریزانی موسڵمان لە مێژوودا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بکات، ئەو دەڵێت "بڕوابوونم بە خوا و بەئایینی ئیسلام نهێنی هێزمە".
سپێنس سەرسام بوو و شانازی کرد کاتێک زانی خەریکە مێژوو دروست دەکات و دەبێتە یەکەم یاریزانی موسڵمان نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی یەکەمی ئینگلتەرا بکات.
ئەو یاریزانە تەمەن 25 ساڵە یەکێک بوو لە دوو رووخساری نوێی پێکهاتەی راهێنەر تۆماس توخێل، بۆ ئامادەکاری بۆ دوو یاری بەرامبەر ئەندۆرا و سڕبیا لە 6 و 9ـی ئەم مانگە، لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ جامی جیهانی 2026.
سپێنس سەرسامی خۆی دەربڕی لە بانگهێشتکردنەکەی، بەتایبەتی کە پێشتر لەگەڵ راهێنەرەکە قسەی نەکردبوو، هەروەها سەرسامی خۆی بە بیرۆکەی چوونە نێو مێژوو وەک یاریزانێکی موسڵمان کە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی یەکەمی پیاوان دەکات، دەربڕی.
ئەو یاریزانە لەو بارەیەوە راگەیاند "هەڵبژاردنم بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گەورەترین نیعمەتە و دەرفەتێکی نایابە، کاتێک زانیم کە لەوانەیە یەکەم یاریزانی موسڵمان بم لەگەڵ تیپی یەکەم، هەستێکی باوەڕپێنەکراوم هەبوو".
سەبارەت بەئەگەری ئەوەی رووبەڕووی گوشار ببێتەوە، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵانی ئینگلتەرا روونیکردەوە "لەوانەیە هەستی پێبکەم و لەوانەیە نەیکەم، بەڵام خۆم ناخەمە ژێر گوشارەوە. هەموو ئەوەی گرنگە بۆ من ئەوەیە بەزەردەخەنەوە یاری بکەم و چێژ لە تۆپی پێ ببینم، ئەوەی دیکە خۆی بەدەست دێت".
سپێنس خۆشحاڵە بە نیشاندانی شانازیی خۆی بەناسنامە ئایینییەکەی؛ چونکە لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیاوە دۆخەکانی پەیوەست بە باوەڕەکەی لەگەڵ هاندەرانیدا هاوبەش دەکات.
ئەو دەڵێت "خوا گەورەترینە. زۆر نوێژ دەکەم و هەمیشە سوپاسی خوا دەکەم. لە سەختترین ساتەکانی ژیانمدا، باوەڕم وابوو کە خوا لەگەڵمدایە، لە ساتەکانی خۆشیشدا دڵسۆزم بۆ باسکردنی؛ چونکە هەرگیز جێی نەهێشتووم".
ئەو هەروەها دەڵێت "بڕوابوونم بە خوا و بەئایینی ئیسلام نهێنی هێزمە".
سپێنس پێیوابوو کە ئیمانەکەی یارمەتیداوە بۆ تێپەڕاندنی سەختترین قۆناخەکانی کاروانی وەرزشی، کاتێک دوای چەند رۆژێک لە سەرکەوتنی لەگەڵ نۆتینگهام فۆرێست بۆ پرێمەرلیگی ئینگلیزی لە ساڵی 2022 لەلایەن ئەنتۆنیۆ کۆنتیی راهێنەری پێشووی تۆتێنهامەوە تووشی شۆککرا، چونکە کاتێک گوازرایەوە بۆ سپێرز، کۆنتی بەئاشکرا رایگەیاند کە گرێبەستکردن لەگەڵیدا "بڕیارێکی کارگێڕی بووە نەک هەڵبژاردنی کەسی خۆی".
سپێنس کاروانێکی پڕ لە گواستنەوەی لە نێوان میدڵزبرۆ، نۆتینگهام فۆرێست و تۆتێنهامدا هەبووە، لەگەڵ چەند ماوەیەکی خواستن لە رێن، لیدز یونایتد و جێنەوا.
کاتێک لە هاوینی رابردوودا گەڕایەوە تۆتێنهام، بوو بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی تیپەکە، چونکە لە 35 یاریی فەرمیدا بەشداری کرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد و دوو ئەسیستی دروستکرد، هەروەها بەشداری کرد لە بردنەوەی یۆرۆپالیگ لەلایەن تۆتێنهامەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ