رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە تۆپی پێی ئیسپانیای تووشی شۆک کردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز ئەنجومەنی کارگێڕیی ریال مەدریدی ئاگادار کردووەتەوە کە لە ساڵی 2026 دەست لە کار دەکێشێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی خولی ئێستای سەرۆکایەتییەکەی تاوەکو ساڵی 2028ە، پێرێز دەیەوێت واز لە سەرۆکایەتیکردنی یانەی ریال مەدرید بهێنێت، بەمەش کۆتایی بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی یانەکە دێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤییەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، ئەم بڕیارە چەندین مانگ لەمەوبەر دراوە، پیرێز دڵنیا بووە لەوەی کاتی گۆڕانکاری هاتووە لە سەرکردایەتی یانەکە و ریال مەدرید خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی درێژخایەنی دارایی و کارگێڕی ئامادە دەکات. ئەو دەیەوێت دەست لە کارکێشانەوەکەی بەشێوەیەکی رێک و ستراتیژی بێت، بەجۆرێک کە سەرۆکی داھاتوو یانەیەکی جێگیر لە رووی رکابەریی و ئابوورییەوە وەربگرێت.
سەرچاوەکانی ناو یانەکە دەڵێن چەند ھۆکارێکی سەرەکی لە پشت بڕیارەکەیەوە ھەن، پیرێز لە ساڵی رابردوودا خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لە گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یانەکە لە رووی کارگێڕی و دارایی، بەڵام پێی باشە پێش ئەوەی ھیچ بڕیارێکی گەورە بدرێت، پاشەکشە بکات و دەرفەت بە سەرۆکی داھاتوو بدات بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ. ھەروەھا پێی وایە ئەمە کاتی گونجاوە بۆ رۆیشتن، لەگەڵ تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و چوونە ناو نەوەیەکی نوێی یاریزانانەوە. لە تەمەنی 78 ساڵیدا، بە نھێنی دانی بەوەداناوە کە سەرکردایەتیکردنی ریال مەدرید بۆ ماوەیەکی درێژ ماندووکەر بووە.
رۆیشتنی ئەو کۆتایی بە سەرۆکایەتییەکی مێژوویی دەھێنێت کە بە سەرکەوتنی گەورەی وەرزشی، فراوانبوونی جیھانی و بڕیارە گەورەکانی گواستنەوەی یاریزانان ناسراوە کە بۆ دەیان ساڵ کاریگەرییان لەسەر تۆپی پێی جیھان ھەبووە. چاوەڕوان دەکرێت ریال مەدرید لە سەرەتای ساڵی 2026 وادەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی رابگەیەنێت، بەتایبەت کە پێرێز بەبێ هیچ هەڵبژاردنێک بەهۆی نەبوونی رکابەرەوە بووەوە سەرۆکی یانەکە.
ھەرچەندە چەندین ناوی جیاواز لە ناوخۆدا باس دەکرێن، بەڵام ھێشتا ھیچ جێگرەوەیەکی روون دەرنەکەوتووە، ئەمەش یانەکەی لەبەردەم ساتێکی چارەنووسسازدا بەجێھێشتووە لەکاتێکدا خۆی بۆ قۆناخی دوای پێرێز ئامادە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ