پشیلەکەی بارسا بووەتە سەرچاوەی خێروبەرەکەت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا ماسکۆت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا ماسکۆتی فەرمیی خۆی کە لەسەر شێوازی پشیلەیەکە، هەڵبژارد و لە 125 ساڵیادی دامەزراندنی یانەکەدا، خستنەڕووی پشیلەکە، بووە سەرچاوەی داهاتێکی پێشبینینەکراو بۆ یانەکە.
 
بارسا پێشتر ماسکۆتەکەی ناوناوە 'CAT'و میدیاکان دەڵێن، بوومەلەرزەی لە یانەکەدا دروستکردووە، چونکە لە تەنیا ماسکۆتێکی ئاسایی دەرچووە و لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا، بووەتە دڵخوازترین بەرهەمی یانەکە.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، بارسا یەکەم بەرهەمی ماسکۆتەکەی خستووەتە بازاڕەوە، بەڵام کاردانەوەی خەڵک بەرامبەری، پێشبینینەکراو بوو.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، یەکەمجار بەر لە گەشتی بەرلە وەرزی نوێی یانەکە، پشیلەکە وەک ماسکۆتی یانەکە ناسێنرا، بەڵام هەرزوو لەوە زیاتر دەنگدانەوەی هەبوو کە پێشبینی دەکرا.
 
روونیکردووەتەوە، دیمەنەکانی خستنەڕووی یەکەم فرۆشی ماسکۆتەکە، زیاتر وەک بەرهەمێکی تەکنەلۆجی پێشوازیی لێکرا، لەبری ئەوەی تەنیا بووکەڵەیەکی ئاسایی بێت. هەرزووش بووە ئایکۆنی هاندەران.
 
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، ژمارەکان راستییەکە دووپاتدەکەنەوە، چونکە یانەکە بڕی 5 هەزار دانەی لە پشیلەکە لە فرۆشگەی یانەکەدا بۆ ئەندامەکانی خستە بازاڕەوە، بەڵام لەماوەی تەنیا 10 خولەکدا، هەمووی فرۆشرا. یانەکە پارەیەکی خەیاڵیی لەوکارەدا بەدەستهێنا، چونکە نرخی هەر دانەیەکی پشیلەکە 34،99 یۆرۆیە.
 
ماسکۆتەکە پاش بیرکردنەوە و ستراتیج بۆ دانانێکی گەورەی یانەکە بەرهەمهێنرا، کۆمپانیای 'بارسا میدیا 360' بەهاوکاریی چەند دیزاینەرێکی داهێنەر بەرهەمەکەیان دروستکرد و خستیانە بازاڕەوە.
 
ماسکۆکەتەکەی 'CAT' لەماوەی ساڵێکدا 1.3 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لەسەر ئینستاگرام و 1.7 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لە تیک تۆک هەیە، بەوەش بووەتە دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش.
 
بەر لە بارسێلۆنا، چەندین یانەی دیکەی ئیسپانیا ماسکۆتی تایبەت بەخۆیان دروستکردووە، لەنێویاندا سیسا لاموشای جیرۆنا، سوپەر بیبینۆی لیگانێس و چۆردیی ریال سۆسیداد.
 
یانەکە لەگەڵ هەڵمەتی یەکەمی خستنەڕووی پشیلەکەدا، ژمارەیەک بەرهەمی دیکەی وەک درێس و کەلوپەلی منداڵانی لە فرۆشگاکەیدا خستەڕوو، لەپێناو زیادکردنی بینەرانی لەنێو منداڵان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە