رووداو دیجیتاڵ
شاندی یانەی بارسێلۆنا بەهۆی خراپی کەشوهەواوە زیاتر لە کاژێرێک لەناو فڕۆکە مانەوە و درەنگ گەیشتنە شاری سێڤییا، ئەم دواکەوتنە کاریگەری لەسەر بەرنامەی هانزی فلیک و پشووی یاریزانەکان دروستکردووە.
شاندی یانەی بارسێلۆنا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ یارییەکەیان بەرامبەر ریال بێتیس بەرەو سێڤییا بەڕێکەوتن، بەڵام زیاتر لە کاژێرێک لەنێو فڕۆکەدا مانەوە و چاوەڕێی ئاگادارکردنەوە بوون بۆ ئەوەی بەرەو سێڤییا بفڕن. هۆکارەکەشی خراپی کەشوهەوای شارە ئەندەلوسییەکە بوو، ئەمەش وایکرد یانەکە بیر لە رێگەچارەی دیکە بکاتەوە، چونکە فڕۆکەخانەکە لە بەیانییەوە گەشتەکانی راگرتبوو.
فڕۆکەی یانەی بارسێلۆنا نەیدەتوانی بفڕێت، چونکە فڕۆکەخانەی سێڤییا بەهۆی تەمێکی چڕەوە بەشێوەیەکی کاتی داخرابوو، ئەمەش رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەکان دەکرد. بەپێی میدیا ئیسپانیا، سەرەتا نیاز وابوو یانەکە بچێتە مەلەگا و لەوێوە بە رێگەی وشکانی و بە پاس بۆ ماوەی 2 کاژێر بەرەو سێڤییا بڕۆن، دواتر بژاردەی فڕین بۆ فڕۆکەخانەی خێرێز هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی تیپەکە بگاتە شوێنی مەبەست.
لەگەڵ مانەوەی یاریزانەکان لەناو فڕۆکەدا، کەشوهەوای سێڤییا باش بوو و بارسێلۆنا توانی بەپێی پلانی سەرەکی خۆی گەشتەکە ئەنجام بدات، بەڵام درەنگتر لە وادەی دیاریکراو.
ئەم دواکەوتنە وایکردووە یاریزانانی بارسێلۆنا کەمتر لەوەی پلانی بۆ دانرابوو لە هۆتێل پشوو بدەن بەر لەوەی بچنە یاریگەی لا کارتۆخا. هەروەها کاتی نانخواردن و کۆبوونەوەی هونەریی هانزی فلیک لەگەڵ یاریزانەکان کورتر دەبێتەوە و بەرنامەی خۆئامادەکردن بۆ یارییەکە گۆڕانکاری بەسەردا دادێت.
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال بێتیس یاری دەکات و یارییەکە کاژێر 20:30 دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ