رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رووبەڕووی چارەنووسێکی تەمومژاوی دەبێتەوە، لە کاتێکدا خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەکات. کێشە و تەنگژەیەکی گەورە رووبەڕووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بووەتەوە و بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە بە گەندەڵی تۆمەتبارکراون، ئەوە وایکردووە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان پێشبینی بکەن، ئاستی بەشداریی تانگۆ لە مۆندیالدا لە ئاست خەونی ئەرجەنتینییەکاندا نەبێت.
کێشە و تەنگژەی هەڵبژاردەکە، پەیوەستە بەتۆمەتبارکردنی ژمارەیەک بەرپرسی فیدراسیۆنەکە بە گەندەڵی و بردنی پارەی فیدراسیۆنەکە و خۆدزینەوە لە باج.
سەرەتای چیرۆکەکە لە بەهاری ساڵی 2024دا سەریهەڵدا. ئەوکات کارلۆس تێڤێزی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە پۆستێکی ئێکسدا لەسەرەتای مانگی سێدا، ئاماژەی بە روودانی شتێکی نەزانراو لە ناوچەیەکی بۆینس ئایرسی پایتەخت کرد.
تێڤێز وایدانا کە ئەمینداری دارایی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، بەبەردەوامی سەردانی ناوچەیەک دەکات لە گەڕەکی بیلار، ئەو گوتبووی ئەو بەرپرسە، جانتای پڕ پارە لەوێ دەشارێتەوە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی گرانبەهای کڕیوە.
دوای پەیامەکەی تێڤێز، پارتی کوالیسیۆن سیڤیکا، کە پارتێکی سیاسیی پێشکەوتنخوازە، دەستی بەلێکۆڵینەوە لە قسەکانی تێڤێز کرد و لە دادگا سکاڵای تۆمارکرد، داوای لێکۆڵینەوە لە ڤێلایەکی دیاریکراوی پڕ لە نهێنی لە ناوچەی بیلار کرد.
سەرەتاکانی مانگی دوانزەی رابردوو، پۆلیسی ئەرجەنتین، هەڵیکوتایە سەر بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین و 12 یانەی وڵاتەکە، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە شووشتنەوەی پارە و ئاڵوگۆری پارەی یانەکان و کۆمپانیای تایبەتمەندی خزمەتگوزارییە داراییەکان.
پاش سێ رۆژ لەو رووداوە، پۆلیس لەناکاو هەڵیکوتایە سەر ڤێلاکەی ناوچەی بیلار و لەوێ شوێنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر و تەویلە و 54 ئۆتۆمبێلی دۆزییەوە، لە نێویاندا چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها و دەگمەن.
پارتی کوالیسیۆن سیڤیکا، لە سکاڵاکەیدا وایداناوە ڤێلا ئاشکراکراوەکە، رووگەی پلانی شووشتنەوەی پارەی کلاودیۆ تاپیای سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین و پابلۆ تۆڤیگینیۆی ئەمینداری دارایی فیدراسیۆنەکە بووە.
هەفتەی پێشوو، رۆژنامەی لاناسیۆنی ئەرجەنتینی لە دۆسێیەکی دیکەدا ئاشکرایکرد، داواکاری گشتی تۆمەتی ئاراستەی تاپیا و تۆڤیگینیۆ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە کرد، بە هێشتنەوەی پارەی بە رێگەی نایاسایی لای خۆیان، کە ئەو پارانە پارەی باج بوون و 13 ملیۆن دۆلارە.
رۆژنامەکە دەڵێ، دەزگای باجی ئەرجەنتین تۆمەتەکەی ئاراستەی بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە کردووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند رووبەڕووی هێرش بووەتەوە لەلایەن حکومەتی وڵاتەوە بەسەرۆکایەتیی خاڤیێر میلی سەرۆکی وڵات.
فیدراسیۆنەکە دەڵێ، حکومەتی ئەرجەنتین ماوەیەکی بەرچاوە گوشارمان لەسەر دروستدەکات بۆئەوەی یانە وەرزشییەکان کە ساڵانێکی زۆرە وەک رێکخراوی قازانج نەویست کاردەکەن، بکاتە کۆمپانیای سەر بە کەرتی تایبەت.
فیدراسیۆنەکە دەڵێ، ئێمە لەسەر رێگەی راستین، بەڵگەشمان ئەو نازناوانەیە کە بەدەستمان هێناوە، لەوکاتەوە تاپیا بووەتە سەرۆک لە 2017ەوە، لە نێویاندا، بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2022.
لە دوای تەقینەوەی رووداوەکانەوە، کارلۆس تێڤێز لێدوان بۆ میدیاکان رەتدەکاتەوە.
نیستۆر سێنترا، رۆژنامەڤانی وەرزشیی ئەرجەنتینی دەڵێ، "دوو فیدراسیۆنی تۆپی پێ لە ئەرجەنتین هەن". ئەوەش وەک ئاماژەیە بۆ سەرکەوتن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناسەقامگیریی لەسەرئاستی نێوخۆی فیدراسیۆنەکە.
ماتیاس یوڤێ، سەرۆکی لقی پارتی کوالیسیۆن سیڤیکا لە بیلار، دوای چەند مانگێک لە رووداوەکان دەڵێ، لەگەڵ هاوڕێکانم قسەمان لەگەڵ نزیکەی 10 خزمەتگوزاری ڤێلاکەی بیلاردا کرد و ئەوان وایدادەنێن کە ڤێلاکە موڵکی تۆڤیگینیۆ و تاپیایە.
یوڤێ دەڵێ، کارگوزارێک تاپیای ناسیوەتەوە و دەڵێ جارێک بە فڕۆکەیەکی تایبەت هات و درێسی هەڵبژاردەکەی دایە کارگوزارەکان.
یوڤێ هەروەها دەڵێ، "ئەوەی ئەوان باسیانکرد ئەوەبوو کە تاپیا و تۆڤیگینیۆ وەک خاوەن ماڵ لە ڤێلاکەدا هەڵسوڕاون و پیایدا گەڕاون و مەلەیان لە مەلەوانگەکەیدا کردووە".
ئەو هەروەها گوتویەتی، هەموو ئەوانەی لەوێ کاریان کردووە، دەڵێن موڵکایەتیی ڤێلاکە بۆ کەسانی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەگەڕێتەوە".
سکاڵای پارتە سیاسییەکە وایداناوە کە ساڵی 2024 ڤێلاکە لەلایەن کۆمپانیایەکی سەر بە لانا لوسیا کۆنتی و لۆچیانۆ نیکۆلاس پانتانۆوە کڕدراونەتەوە کە دایک و کوڕێکن، لە کاتێکدا ناتوانن بەپارەی خۆیان ئەو ڤێلایە بکڕنەوە.
تۆمارەکانی تاپۆ دەریدەخەن بەهای ڤێلاکە لە کاتی کڕینیدا 1،8 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا پسپۆران دەڵێن، بەهای ئێستای زۆر لەوە زیاترە. لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە پانتانۆ پەیوەندی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتینەوە هەیە، چونکە سەرۆکی فیدراسیۆنی فوتساڵی ئەرجەنتین و تۆپی پێی کەنار دەریای وڵاتەکە بووە.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، پۆلیس لەکاتی هەڵکوتانە سەر ڤێلاکەدا، جانتایەکی رەشی دروستکراو لە پێستی دەستکردی دۆزیوەتەوە کە لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین و ناوی تۆڤیگینیۆی بەسەرەوە بووە، ئەمە جیا لە چەندین کتێب و تابلۆی یادگاریی کە بەهەمان شێوە ناوی ئەویان بەسەرەوە بووە.
لە نێو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ڤێلاکەدا دەستیان بەسەرداگیراوە، فیرارییەک و پۆرشێک هەبوون کە بەناوی ئەو کۆمپانیایەوە تۆمارکراون کە وا دادەنرێت هی پانتانۆ و کۆنتی بێت.
بەرپرسێکی ئاگاداری دۆسێیەکە دەڵێ، نزیکەکانی تۆڤیگینیۆ رێگەپێدانیان هەیە بۆ لێخۆڕینی ژمارەیەک لەو ئۆتۆمبێلانە. لە کاتێکدا دەسەڵاتداران داوای زانیارییان کردووە لەسەر ئەو فڕۆکەوانانەی بەفڕۆکە خەڵکیان بۆ ڤێلاکە گواستووەتەوە.
وەزارەتی دادی ئەرجەنتین، داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین و دەستەی خولی وڵاتەکە، (کە مافی گواستنەوەکای یارییەکانی خولی نێوخۆی وڵاتەکەیان هەیە)، کردووە، روونکردنەوە بدەن لەبارەی داتای ژمێریارییان کە بەهاکەی نزیکەی نیو ملیار دۆلارە و لە 2017ەوە دەستپێدەکات.
سەرۆکی نووسینگەی داواکاری گشتی وەزارەتەکە دەڵێ، ئەو بڕە پارەیە لە نێو راپۆرتە داراییەکانی فیدراسیۆنەکەدا، بەناوی نەناسراو بەکارهێنراون و گواستراونەتەوە.
سەرۆکەکە دەڵێ، "ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێ، پێیوایە دۆسێیەکانی سەلامەتن، بۆچی روونکردنەوە نادات لەسەر شتێک، کە روونکردنەوەی زۆر ئاسانە؟".
ئالان وایڵدەر، کە پارێزەری تایبەتمەندی یاسای وەرزشییە لە بۆینس ئایرس، "کەس ناتوانێت تێچووی سیاسیی ئەو دۆسێیە لە ئەستۆ بگرێت".
ئەو هەروەها دەڵێ، "کەس تەنانەت بەوەش رازی نییە، دۆخەکە بەشێوەیەک خراپ بێت، مێسی لە مۆندیال دووربخرێتەوە، لەگەڵ ئەگەری دوایین بەشداریی ئەو لە پاڵەوانێتییەکە".
تاوەکو ئێتسا، ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان بەرەو تۆمەتبارکردنی تاپیا و ئەندامانی دیکەی فیدراسیۆنەکەن، لە کاتێکدا هاندەران ترسیان لەوە هەیە ئەو سکانداڵە سەربکێشێت بۆ سەرهەڵدانی کێشە لە نێو هەڵبژاردەی وڵاتەکە، لە کاتێکدا هەمووان بەئومێدن لە مۆندیالی داهاتوو، بەرگری لە نازناوەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ