لامین یامال بەتووندی سزا دەدرێت

16-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێشتا لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا لە مەترسی سزادان بەهۆی ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی رزگاری نەبووە و پێشبینی دەکرێت بەتۆمەتی "سووکیەتیکردن بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت" بە تووندی سزا بدرێت.
 
دوای ئەوەی دەرکەوت کە لامین یامال بۆ ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی کۆمەڵێک کەسی کورتەباڵای بەکرێگرتووە، ئەو یاریزانە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووە و ئەو کارەی مشتومڕێکی بەرفراوانی دروستکرد و تاوەکو دێت رەخنەکان زیاتر دەبن، چونکە بەوە تۆماتبار دەکرێت کە وەک بەشێک لە کات بەسەربردن، چەند کەسێکی کورتەباڵای بانگهێشت کردبوو بۆ ئاهەنگەکەی.
 
کۆمەڵەی مافی کەسانی کورتەباڵا لە ئیسپانیا ADEE هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کۆمەڵایەتیی لەدژی لامين یامال کرد، بەبیانووی ئەوەی کە ئاهەنگەکەی لامین پێشێلکردنی شکۆی تاکەکانە و پێشبینی دەکرێت بەتووندی سزا بدرێت.
 
یاسا و سزای قورس
 
ئەو سزایە یاساییەی پێشبینی دەکرێت بەسەر یامالدا بسەپێنرێت، پشت بە "یاسای گشتیی مافی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت" دەبەستێت، کە بەڕاشکاوی ئەو نمایشانە قەدەخە دەکات کە گاڵتە بەکەسەکان دەکەن یان سووکایەتییان پێدەکەن بەهۆی کەمئەندامییەکەیانەوە. 
 
دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاش پێیانوایە کە بەکارهێنانی کەسانی باڵاکورت وەک بابەتێکی کۆمێدی دەکەوێتە چوارچێوەی ئەم کارە سووکایەتیئامێزانەوە.
 
سزا چاوەڕوانکراوەکان بەهیچ شێوەیەک سووک نین. ئەگەر بسەلمێت کە نمایشەکە "گاڵتەجاڕی یان سووکایەتی" تێدا بووە، ئەوا بەرپرسانی ئاهەنگەکە، بە لامين یامالیشەوە رووبەڕووی سزای دارایی زۆر قورس دەبنەوە.
 
ئەم سزایانە بەپێی جۆری سەرپێچییە "زۆر مەترسیدارەکان" لەم چوارچێوەیەدا لە 600 هەزار یۆرۆوە دەستپێدەکات و ئەگەری هەیە بگاتە یەک ملیۆن یۆرۆ.
 
مەترسیدارتر لەوە، هاتنە سەرهێڵی نووسینگەی داواکاریی گشتیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی 'تاوانەکانی رقلێبوونەوە'، ئەمەش دەرگا لە بەردەم لێکدانەوەی یاسایی تووندتر بۆ رووداوەکە دەکاتەوە. 
 
هەرچەندە ئێستا سزای راستەوخۆی زیندانیکردن بۆ ئەم جۆرە سەرپێچییە کات بەسەربردنانە لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵام پۆلێنکردنی وەک تاوانێکی رقلێبوونەوە دەکرێت رێڕەوی کەیسەکە بەتەواوی بگۆڕێت.
 
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئیسپانیا کار بۆ تووندترکردنی سزاکان و هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات، تاوەکو تووندتر مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کارانەدا بکرێت.
 
لەم بارەیەوە خێسوس مارتینی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ئیسپانیا، بەنیگەرانییەکی قوڵەوە رایگەیاند "ئەوەی زۆر نیگەرانمان دەکات ئەوەیە کە هەندێک کەسی خاوەن پارە و دەسەڵات پێیانوابێت لە سەرووی سزا و یاساوەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە