دوایین پێشهاتەکانی گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ کامپ نو

16-09-2025
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی بارسێلۆنا یاریگەی کامپ نو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ یاریگەی کامپ نو لە نزیکترین کاتدا بەردەوامە، تاوەکو ئێستا چارەنووسی گەڕانەوەکە پرسیاری زۆری لەسەرە.
 
دوای ماوەیەکی بەرچاو لە دوورکەوتنەوە لە یاریگەی مێژوویی بارسێلۆنا کە کامپ نوە بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە، یانەی بارسێلۆنا هەوڵدەدات بەزووترین کات کێشە رێگرەکان لەبەردەم گەڕانەوەکە چارەسەر بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەکە هیچ گرەنتییەکی نییە.
 
بارسێلۆنا ناچاربوو دوایین یاریی خۆی لەلالیگا، لە هەفتەی چوارەمی خولەکەدا بەرامبەر ڤالێنسیا، لەسەر یاریگەی یۆهان کرۆیف ئەنجام بدات کە جێگەی تەنیا 6 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە. یانەکە هیواخوازە ئەوە دوایین یاریی بێت لە دەرەوەی یاریگە سەرەکییەکەی خۆی ئەنجامی دەدات.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە، ئاشکرایکردووە بارسێلۆنا چاوەڕێیە راپۆرتی کۆتایی کۆتایی هاتنی کارەکانی کامپ نو لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، لە کۆمپانیای دیکرا وەربگرێت، تاوەکو بیداتە شارەوانیی شارەکە.
 
یانەکە هیواخوازە راپۆرتەکە رێگەی ئەوەی بۆ خۆشبکات، رێگەی بدرێت قۆناخی یەکەمی گەڕانەوە بۆ یاریگەکەی دەست پێبکات، بەرلەوەی میوانداریی ریال سۆسیداد بکات لە 28ی ئەم مانگەدا.
 
ئەگەر بارسێلۆنا ئەو هەنگاوەش بنێت، تەنیا 27 هەزار هاندەر بۆیان دەبێت لە پلیکانەکانی باشووری یاریگەکە و پلیکانەی سەرەکیی یاریگەکەدا ئامادەبن و ئەوەش کەمترە لەو لانیکەمەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا رێگەی پێدەدات بۆ ئەنجامدانی یاریی لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان، چونکە یۆفا لانیکەی هەر یاریگەیەکی بە 45 هەزار کورسیی دەستنیشانکردووە.
 
بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەوە، پێشبینیکراوە، بارسێلۆنا یاریی یەکەمی سەر یاریگەی خۆی لە چامپیۆنزلیگ رۆژی یەکی مانگی داهاتوو، بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لەسەر یاریگەی لویس کۆمپانیس ئەنجام بدات.
 
بارسێلۆنا دەیەوێت، دوای یارییەکەی سانجێرمان، بگەڕێتەوە کامپ نو بۆ ئەنجامدانی تەواوی یارییەکانی دیکەی لەسەر یاریگەکە، بەڵام رێساکانی یۆفا دەڵێن، هەر تیپێک دەبێ یارییەکانی بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە لەسەر یەک یاریگە ئەنجام بدات و بەوەش یانەکە رووبەڕووی کێشەیەکی دیکە دەبێتەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر هەیە یۆفا رێگەپێدانێکی ئاوارتە بداتە بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لە یاریی دووەمی چامپیۆنزلیگ بگەڕێتەوە یاریگەی کامپ نو، بەتایبەت وەکئەوەی میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، یانەکە و یۆفا هاوئاهەنگییەکی باشیان هەیە و لەماوەی رابردوودا شاندی یۆفا سەردانی یاریگەی کامپ نویان کردووە بۆ هەڵوەستە لەسەر دوایین پێشهاتەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە.
 
بارسێلۆنا، ئەگەر پلانەکەی وەک خۆی بۆ بچێتە سەر، دەیەوێت رۆژی 21ی مانگی داهاتوو، یاریی بەرامبەر ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانی لەسەر یاریگەی کامپ نو بەئامادەبوونی 45 هەزار هاندەر ئەنجام بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە