رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، سەرقاڵی چارەسەرکردنی نیگەرانییە نێوخۆییەکانە، دوای لێدوان و هەڵسوکەوتە ورووژێنەرەکانی ئەم دواییەی لامين يامال. کە بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە، کارگێڕیی بارسا پلانێکی داناوە بۆ دوورخستنەوەی یاریزانەکەی لەو هەڵسوکەوتانەی کاریگەرییان بەسەر ئاستی یاریکردنییەوە هەیە.
لە هەڤپەیڤینیکدا پێش یاریی کلاسیکۆ، یامال بەگاڵتەوە گوتی "ریال مەدرید دزی دەکات و دواتر سکاڵا دەکات"، ئەم لێدوانەی یاریزانەکەی بارسێلۆنا کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
لە کاتی یاریی کلاسیکۆدا، یامال رووبەڕووی دوژمنایەتییەکی زۆر بووەوە لەلایەن هاندەرانی ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە بەدرێژایی یارییەکە هاواریان دەکرد و فیکەیان بۆ لێدەدا.
دوای یارییەکە، دانی کارڤاخالی کاپتنی ریال مەدرید و زۆربەی یاریزانەکانی ریال مەدرید رووبەڕووی بوونەوە وەک ئاماژەیەک بۆ تووەبوونیان لە لێدوانەکانی، ئەمە ئاساییە کە نیگەرانی لەنێو ریال مەدرید سەرهەڵبدات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە کە لەنێو خودی یانەی بارسێلۆناشدا نیگەرانی هەیە و لە لێدوانەکانی لامین تووڕەن.
کارگێڕی و یاریزانانی بارسێلۆنا وای دەبینن کە لێدوانەکانی یامال پێش یاری کلاسیکۆ، هاندانێکی زیاتری بە یاریزانانی ریال مەدرید بەخشی بۆ یارییەکە و هۆکاری بردنەوەکەیان بە رێژەیەکی زۆر بۆ لێدوانەکانی دەگێڕنەوە.
وەک وەڵامێک بۆ دۆخەکە، کارگێڕیی بارسێلۆنا هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە، کە بەپێی زانیارییەکان دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی و خۆرخێ مێندێسی بەڕێوەبەری کارەکانی یامال کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی یامال، بەئامانجی رێنماییکردنی لەم قۆناخە هەستیارەی ژیانی پیشەگەری.
راهێنەر هانزی فلیک و سەرۆک خوان لاپۆرتاش بەشدارن لە کارکردن لەسەر ئەوەی کە یامال دەبێت هزری بەتەواوی لەسەر تۆپی پێ بمێنێتەوە.
لەناو یانەکەدا، هێشتا بڕوای تەواویان ئەوەیە کە یامال بەشێکی سەرەکی داهاتووی بارسێلۆنایە.بەڵام پێویستی بە پاراستن و رێنمایی هەیە لەم قۆناخەی ناوبانگ و گوشاردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ