هەڵبژاردەی هیندستان رازی نەبووە چاڤی ببێتە راهێنەری؟

30-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هەڵبژاردەی هیندستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێتیی تۆپی پێی هیندستان سەرەتا رایگەیاند کە چاڤی هێرناندێز بە ئیمەیلێکی داوای لێکردوون بیکەنە راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانیی هیندستان، بەڵام دواتر لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا روونیکردەوە کە ئیمەیلەکە ساختە بووە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا تیشکی خستە سەر داهاتووی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا، کە لەدوای دوایین یاریی لەگەڵ یانەکە لە 26ـی ئایاری 2024ـەوە، راهێنەرایەتیی هیچ تیپێکی وەرنەگرتووە.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر سوپرایزی گەورە روونەدات، ئەگەری زۆر کەمە چاڤی وەرزی 2025-2026 وەک راهێنەری هیچ یانەیەک دەستپێبکات، چونکە لەوەتەی بارسێلۆنای بەجێهێشتووە، چاڤی کاتی خۆی بۆ خێزانەکەی تەرخان کردووە.
 
رۆژنامەکە روونیکردەوە کە چاڤی ئەم هاوینە چەندین دەستەوارەی لە یانە ئیسپانییەکانەوە پێگەیشتووە، بەڵام بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە رەتیکردوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی نایەوێت سەرپەرشتیی هیچ تیپێکی ناوخۆی وڵات بکات جگە لە بارسێلۆنا؛ ئەمەش لای هەندێک کەس وەک هەستێکی گەورەی وەفاداریی راهێنەرەکە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە لێکدرایەوە، کە 17 ساڵی وەک یاریزان تێیدا بەسەربردووە و لە ساڵی 2023 وەل راهێنەر سەرکردایەتیی کرد بۆ بردنەوەی خولی ئیسپانیا.
 
راپۆرتەکە تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا، کە لە ماوەی دوو وەرز و نیودا، تیپەکەی کردە خاوەنی نازناوی خولی ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا، سەرەڕای هێنانە پێشەوەی بەهرە لاوەکانی وەک لامين یەماڵ، پاو کۆبارسی و ئەلێخاندرۆ باڵدێ.
 
هەروەها روونیکردەوە کە لەم ماوەی پشووەدا، چاڤی خەریکی شیکردنەوەی جیهانی تۆپی پێ و پەرەپێدانی شێوازەکانی راهێنانە، لەنێو ئەو دەنگۆیانەی کە ناوی بە یانە ئەورووپی و سعودییەکانەوە دەبەستنەوە، بەبێ ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری هەبێت.
 
لەم دواییانەدا هەواڵێک بڵاوبووەوە دەربارەی ئەوەی کە گوایە یەکێتیی تۆپی پێی هیندستان داواکارییەکی چاوەڕواننەکراوی لە چاڤییەوە پێگەیشتووە بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری هونەریی هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکە.
 
دەستپێکەکەی لە 4ـی تەمموز بوو کاتێک یەکێتیی تۆپی پێی هیندستان رێکلامێکی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و داوای راهێنەرێکی نوێی دەکرد بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانیی یەکەم.
 
چەند رۆژێک دواتر، بەرپرسێک لە یەکێتییەکە رایگەیاند "چاڤی داواکارییەکی فەرمی بۆ راهێنەرایەتیکردنی هیندستان ناردووە". و دووپاتیکردەوە کە ئیمەیڵێکیان لێوەی پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی مووچە بەرزەکەیەوە رەتکراوەتەوە.
 
بەڵام دواتر یەکێتیی تۆپی پێی هیندستان بڵاوکراوەیەکی فەرمی دەرکرد و تێیدا دووپاتیکردەوە کە داواکارییان لە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا و پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەریی مانچێستەر سیتی پێگەیشتووە، بەڵام دەرکەوتووە کە داواکارییەکان ناڕاستن و ئەو ئیمەیلەی ناوی راهێنەرەکانی هەڵگرتووە ساختەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە