یانەی قادسیە سوپاسی مەسرور بارزانی دەکات و ستایشی دهۆک دەکات

17-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مەسرور بارزانی یانەی قادسیە جامی کەنداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی قادسیەی کوێتی دوای ئەوەی گەڕایەوە وڵاتەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت "لە دهۆک پێشوازییەکی نایابمان لێکرا".

یانەی قادسیە لە یاریی گەڕانەوەی جامی کەنداو بۆ یانەکان، لە شاری دهۆک رووبەڕووی یانەی دهۆک بووەوە و یارییەکەی بە 2 - 1 گۆڵ دۆڕاند و بەهۆیەوە یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی جامەکەی بەدەستهێنا.

یانەی قادسیە لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "شێخ فەهد تەڵاڵ فەهد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی قادسیە، سوپاسی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و کوڕەکەی ئارین بارزانی و پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر دەکات، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە یانەکە کرا و ئەو هەموو ئاسنکارییە جۆراوجۆرانەی لە کاتی ئامادەبوونی شاندی تیپی یەکەمی یانەی قادسیە، بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی جامی کەنداو بۆ یانەکە کرا".

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێریی یانەی قادسیە، زیاتر دەڵێت "ئەو پێشوازییە نایاب و میواندارییە بەخشندەیەی لە شاندی یانەکە کرا، تەنیا لەسەر ئاستی فەرمی نەبوو، بەڵکو لەسەر ئاستی جەماوەرییش بوو، خەڵکی دهۆک بە گەنج و پیرەوە، هێمای میهرەبانی بوون و نموونەیەک بوون بۆ ئەوەی لە میوانداری و مامەڵەی ئاستبەرزدا وەریبگرین و پشتڕاستی دەکەینەوە، کە وەرزش باشترین رێگایە بۆ نزیککردنەوەی گەلان و چەسپاندنی پەیوەندیی برایەتی".

شاندی یانەی قادسیە ماوەی شەش رۆژ لە شاری دهۆک مانەوە و لەماوەی مانەوەکەیاندا، لەسەر یاریگەی سەرەکیی یانەی دهۆک مەشقەکانی خۆیان ئەنجامدا.

یانەی قادسیەی کوێتی، بۆ ئەنجامدانی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو، نزیکەی هەفتەیەک لە دهۆک مایەوە، رۆژی چوارشەممە و رۆژێک دوای لەدەستدانی نازناوی جامی کەنداو شاندی یانەکە گەڕایەوە وڵاتەکەی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە