رووداو هەولێر
یانەی هەولێر دڵنیایی دەداتە یاریزانانی بۆ دابینکردنی مووچەکانیان و ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەکە تایبەت بە رووداوی راگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی مووچەی یاریزانانی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراق چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات پارەکە بگەیێننە تیپەکە، بەڵام دیار نییە کەی دابەشی دەکەن.
دوای تەواوبوونی یاریی هەولێر و نەورۆز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، سەرجەم یاریزانانی یانەی هەولێر بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە و شایستە داراییەکانیان مانیان لە راهێنانەکان گرتووە و سێ رۆژە تیپەکە راهێنانی ئەنجام نەداوە، ئەمە لەکاتێکدایە راهێنەران دەچنە یاریگە، بەڵام یاریزانەکان ئامادە نین راهێنان بکەن لەو دۆخەدا.
رەوەز خۆشناو، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، گوتی "حەزمان نەدەکرد ئەو دۆخە دروست بێت و یاریزانەکان راهێنان نەکەن، ژیانی یاریزانان بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە، بۆیە ماوەی هەشت رۆژە بەردەوام لە هەوڵداین لەگەڵ سپۆنسەرەکانی یانە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندار لە حکومەت بۆ ئەوەی بەزووترین کات بتوانین مووچەی یاریزانانمان دابەش بکەین، ئێمە مووچەی کەس ناخۆین و مافەکانیان ئەمانەتە لای ئێمە".
ئەگەر یاریزانانی یانەی هەولێر بەردەوام بن لە مانگرتنیان بەئەگەەری زۆرەوە یاریی داهاتوویان بەرامبەر یانەی جەوییە ئەنجام نادەن.
یانەی هەولێر مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 200 ملیۆن دیناری عێراقییە بۆ ئەوەی مووچەی یاریزانانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دابەش بکات، یاریزانەکان بڕە پارەی نیوەی گرێبەستەکانیان وەرگرتووە و نیوەکەی دیکەیان لای یانەکە ماوە، سێ مووچەشیان وەرنەگرتووە.
ئەندامەکەی یانەی هەولێر گەشبین بوو بۆ پێدانی پارەی یاریزانان و روونیکردەوە "بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکەین و یانەی هەولێر بەرامبەر یانەی جەوییە یاری دەکات، ناهێڵێن تیپەکە بکەوێتە بارودۆخێکی خراپ".
ئەو زیاتر گوتی "هەریەک لە هیگۆر ڤیدال و هیلیۆ مۆنتێرۆ لەگەڵ عەباس یاسین دوای بەجهێشتنی یانەکەمان پارەکانیان وەرگرت و ئەستۆپاکیان پڕکردووەتەوە، تەنیا کێشەی یاریزانەکانی دیکە ماوە و چارەسەری دەکەین".
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ بەخراپترین دۆخی داراییدا تێپەڕبوو، جاری یەکەم نییە یاریزانانی بەهۆی پێ پارەی مان دەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ