رووداو هەولێر
هەکار گەردی، پاڵەوانی کورد لە هونەرەکانی شەڕ، توانی لە تایلەند نازناوێکی دیکەی نێودەوڵەتی بباتەوە و دوای سەرکەوتنەکەیشی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان ئاهەنگی گێڕا.
ئەو پاڵەوانە کوردە لە شاری پۆکێتی تایلەند بەشداری پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی یاری موای تای کرد، کە یاریزانانی 10 وڵات بەشداربوون.
هەکار گەردی لە کێشی 70 کیلۆگرام بەرامبەر یاریزانێکی تایلەندی یاریکرد، هەر لە گەڕی یەکەم توانی یاریزانە تایلەندییەکە لە زەوی بدات و بە لێدانی یەکلاکەرەوە یارییەکە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە.
دوای بردنەوەی نازناوەکەی هەکار گەردی، پاڵەوانی کورد بۆ رووداو گوتی "جارێکی دیکە شانازی بەخۆم دەکەم کە توانیم وەک یاریزانێکی کورد بەئاڵای کوردستانەوە میدالیایەکی دیکەی زێڕی نێودەوڵەتی ببەمەوە، یارییەکە ئاسان نەبوو، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرمدا لەپێناو گەیشتن بە دەسکەوتێکی دیکە".
هەکار گەردی، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی و زیادکردنی نازناو و دەسکەوتەکانی، چووەتە کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە وڵاتی تایلەند، 25 رۆژە ئەو پاڵەوانە کوردە لە شاری بانکۆکی پایتەخت لەگەڵ راهێنەر و شارەزایانی یارییەکەی سەرقاڵی بەرزکردنەوەی ئاستیەتی، بەشداری ژمارەیەک پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیش دەکات.
ئەو پاڵەوانە کوردە تەمەنی 27 ساڵە و خەڵکی هەولێرە، زیاتر لە 15 ساڵە خولیای سەرەکی بووەتە یارییەکانی موای تای، کیک بۆکسینگ، بۆکسێن و هونەری شەڕی تێکەڵاو. لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق وەرزشوانێکی ناسراوە و دەیان پشتێن و جامی پاڵەوانێتییەکانی بەرزکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ