خشتەی دەستپێکردنی ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید

17-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی فەرەنسی زۆر بەپەرۆشە بۆ دەستپێکردنی ئەزموونە نوێیەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دەوای ئەوەی بەفەرمی بووە یاریزانی ئەو یانەیە.
 
ئەستێرەی فەرەنسی دوای تێکۆشان و چاوەڕوانییەکی زۆر، خەونی منداڵیی خۆی بەدیهێنا و بوو بە یاریزانی یانەی شاهانەی ئیسپانیا.
 
کیلیان ئێمباپێ دەیەوێت لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێبکات و وەک خۆی لە کاتی ئاهەنگی ناساندنیدا، گوتی "دەیەوێت لە ئاستی باشترین یانەی مێژووی تۆپی پێدا بێت".
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، خشتەی دەستپێکردنی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید ئاشکرا دەکەن، کە بەمشێوەیە دەبن:
 
ــ لە 7ـی ئاب، ئێوارە دەست بە مەشق و راهێنان دەکات.
ــ لە 8ـی ئاب، بە تەنیا مەشق دەکات و ئەو رۆژە یاریزانە هاوڕێکانی پشوو دەدەن.
ــ رۆژی 9ـی ئاب، ئەستێرەی فەرەنسی یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ هاوڕێکانی لە مەشقەکاندا دەکات.
ــ لە 10 بۆ 13ـی ئاب، لەگەڵ هاوڕێکانی مەشق و راهێنانی بەکۆمەڵ دەکات.
ــ 14ـی ئاب، لە جامی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر یانەی ئاتالانتای ئیتاڵیا یاری دەکات و هیوا دەخوازێت لە یەکەم یاریی فەرمی خۆیدا لەگەڵ ریال مەدرید گۆڵ تۆمار بکات و نازناوێک بباتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 16ـی7ـی2024 کیلیان ئێمباپێ، بەفەرمی و لە رێوڕەسمێکی مێژوویدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، بەئامادەبوونی 80 هەزار هاندەر، لەلایەن ریال مەدریدەوە ناسێنرا و ئەو ئەستێرەیە خەونی منداڵیی خۆی بەدیهێنا و درێسی یانەی شاهانەی لەبەرکرد.
 
ئێمباپێ لە ئاهەنگی ناساندنیدا، گوتی "زۆر شەو خەونم بە یاریکردن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بینیوە، ئەمڕۆش زۆر دڵخۆشم، دەمەوێت سوپاسی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بکەم، کە لە رۆژی یەکەمەوە متمانەی پێکردم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەستێرەی فەرەنسی گوتیشی "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کاریان کردووە بۆ ئەوەی بێمە ئێرە، ئەمڕۆش یاریزانێکی ریال مەدریدم، و خێزانەکەم دەبینم دڵخۆشن و دایکم دەگری. رۆژێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ من. ئەمە بۆ من مانای زۆری هەیە، چونکە بۆ من واتای زۆرە من خەونەکەمم بەدەستهێنا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە