ناوبژیوانی یارییەکەی بارسێلۆنا و مایۆرکا هەرا دەنێتەوە

17-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مایۆرکا بارسیلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی خولی ئیسپانی بە شەپۆلێک لە مشتومڕی ناوبژیوانی لە گەڕی یەکەمدا دەستیانپێکرد، بەتایبەتی لە یارییەکەی نێوان ریال مایۆرکا و بارسیلۆنا، کە لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی رووداوی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی.
 
سەرەتای مشتومڕەکە بە گۆڵی دووەمی بارسێلۆنا دەستیپێکرد، کە لەلایەن فیران تۆرێسەوە تۆمارکرا، کە لەکاتێکدا تۆمارکرا کە ئەنتۆنیۆ رایلۆی یاریزانی مایۆرکا لەسەر چیمەنی یاریگاکە کەوتبوو، بەڵام ناوبژیوان مونوێرا مۆنتێرۆ بڕیاریدا یارییەکە رانەگرێت.
 
هەروەها ساتەوەختی دەرکردنی ڤیدات موریچی یاریزانی مایۆرکا بە کارتی سوور مشتومڕەکەی زیاتر کرد، دوای ئەوەی سەرپێچییەکی تووند لە دژی گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، خوان گارسیا ئەنجامدا، کە سەرەتا ناوبژیوان تەنیا کارتی زەردی بەڕووی رافینیادا بەرزکردەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتیی یاریزانانی مایۆرکا کە داوای کارتی سووریان دەکرد.
 
لە هەموویان مشتومڕاویتر دیمەنێکی رافینیای هێرشبەری بارسێلۆنا بوو، کە لەدواوە زۆر بەتووندی لە یاریزانێکی مایۆرکای دا و شایەنی کارتی سوور بوو، بەڵام ناوبژیوان تەنیا کارتی زەردی پێدا.
 
بەپێی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، یاریزانانی مایۆرکا دوای یارییەکە کە لە یاریگای سۆن مۆیکس بەڕێوەچوو، تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان دەربڕی.
 
لەلای خۆیەوە، خاڤیێر ئاراساتیی راهێنەر تووڕەیی خۆی دەربڕی کاتێک لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یاریکردن بە 9 یاریزانەوە مەحاڵە. تاکە شتی ئەرێنی هەوڵی تیپەکە و پشتیوانیی هاندەران بوو. پێویستە گرنگی بە هاندەرانمان بدەین، چونکە هاندەران زیاتر لە 100 یۆرۆ دەدات و تەنیا 25 خولەک تۆپی پێ دەبینێت".
 
هەروەها گوتیشی "ناوبژیوانی چوارەم لەبەردەم مندا بە مونوێرا مۆنتێرۆی گوت یارییەکە رابگرە، چونکە لێدانێک لەسەر هەبوو".
 
راهێنەرەکە درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی "وامزانی یارییەکەی راگرتووە، بەڵام دواتر تووشی شۆک بووم کە ئەو کارەی نەکرد. لە وانەکاندا هەمیشە جەخت لەسەر گرنگیدان بە پێکانەکانی سەر دەکرێتەوە، بۆیە زۆر تووشی شۆک بووم بەو هەڵوێستە. کاتێک لێدان بەر سەر دەکەوێت، هەست بە گێژبوون دەکەیت، و باوەڕم نەکرد کە رێگەی بە بەردەوامبوونی یارییەکە دا".
 
گفتوگۆی ژووری VAR
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، وەک چۆن وەرزی رابردوو راهاتبوو، تۆماری دەنگیی گفتوگۆی ژووری ڤاری بڵاودەکردەوە، بەڵام تەنیا بۆ ئەو رووداوەی کە پەیوەست بوو بە دەرکردنی موریچییەوە، کە لە ژوورەکەدا پێداچوونەوەی بۆ کرا.
 
ناوبژیوانی ڤیدیۆ بە مونوێرا مۆنتێرۆی گوت "پێشنیاز دەکەم بێیت سەیری دیمەنەکە بکەیتەوە بۆ ئەگەری بوونی کارتی سوور".
 
ناوبژیوانەکە لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت "کەمێک بیگەڕێنەرەوە دواوە، یاریزانەکە هەرگیز بەر تۆپەکە نەکەوت. گۆشەی لای راستم نیشان بدە. دەمەوێت لە پشتی گۆڵەکەوە بیبینم. دەمەوێت تووندیی فاوڵەکە هەڵبسەنگێنم، بەخێرایی ئاسایی نیشانم بدە. راستەوخۆ لە کاتی بەرکەوتنەکەدا رایبگرە. نایابە".
 
دوای ئەوە، ناوبژیوانی سەرەکی بڕیاریدا بڕیارەکەی لە کارتی زەردەوە بگۆڕێت بۆ کارتی سووری راستەوخۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە