رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) ئاشکرایکردووە، بڕی 355 ملیۆن دۆلار دەداتە سەرجەم یانەکانی جیهان، لەچوارچێوەی پڕۆگرامی تایبەتمەندیی فراوانی یانەکان پەیوەست بەمۆندیالی 2026.
ئەو بڕە پارەیەی ئەمجارە فیفا دەیداتە یانەکان، بەنزیکەی 70 لەسەد زیاترە لەهەمان بڕە پارە کە ئەو فیدراسیۆنە لە مۆندیالی 2022 دایە یانەکانی جیهان و بڕەکەی 209 ملیۆن دۆلار بوو.
یەکەمجارە فیفا پارە دەداتە هەر یانەیەک کە یاریزانەکانی بەشداریی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالیشدا دەکەن، لە کاتێکدا پێشتر تەنیا دەیدایە ئەو یانانەی یاریزانەکانیان دەگەیشتنە مۆندیالەکە.
ئەم پارە زیادکردنە، بەشێکە لە خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان فیفا و دەستەی یانە ئەورووپییەکان کە لە مانگی سێی ساڵی 2023 هەردوولا رێکەوتنیان لەسەرکرد، لەپێناو بەدیهێنانی سیستمێکی گشتیگیرتر و دادپەروەرانەتر بۆ پشتگیریی تۆپی پێ لەسەرئاستی یانەکان.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، "وەشانی باشترکراوی پڕۆگرامی تایبەتمەندی یانەکان بۆ مۆندیالی 2026 دەیەوێت کاریگەرتر بەشداربێت بۆ پشتگیریکردنی زۆرترین یانە و یاریزانان لەپێناو سەرخستنی پاڵاوتنەکان و مۆندیالی داهاتوو.
پڕۆگرامی پشتگیریی یانەکان، یەکەمجار لە مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفریقاوە جێبەجێکرا، لە کاتێکدا لە مۆندیالی 2022ی قەتەر، 440 یانەی 51 فیدراسیۆنی ئەندامی فیفا لەچوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا پارەیان وەرگرت و ئەمجارە ژمارەی یانە سوودمەندەکان زۆر زیاتر دەبێت.
ناسڕ خلێفی، سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپا پڕۆگرامەکەی بە'داهێنەرانە' ناوبرد و دووپاتیکردەوە، یانەکان رۆڵی بنچینەییان هەیە لە پشتگیریکردنی هەڵبژاردەکان، هەر لە قۆناخەکانی گەشەپێکردنی یاریزانانەوە تاوەکو ئەنجامدانی یارییەکان.
بڕیارە مۆندیالی 2026 لە 11ی شەشی ساڵی داهاتوو دەستپێبکات و لە 19ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت. یارییەکانی مۆندیالەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئەنجام دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ