پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی دەستپێدەکات

17-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان یەکەم یاریی خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا ئەنجامدەدات و هەنگاوەکانی بۆ بەرگریکردن لە نازناوی وەرزی رابردووی دەستپێدەکات.
 
پاڵەوانی ئەورووپا لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی دەکات، بەڵام بەشێکی زۆری یاریزانە دیارەکانی یانە فەرەنسییەکە بۆ ئەم یارییە ئامادەنین.
 
تیپەکەی لویس ئێنریکێ، وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، کاتێک بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر لە ئینتەرمیلانی ئیتاڵیی بردەوە، دوایین یارییان بەرامبەر یانەیەکی ئیتاڵی بوو و یەکەم دەرکەوتنی وەرزی نوێشی هەر بەرامبەر یانەیەکی ئیتاڵی دەبێت.
 
بۆ ئەم یارییە هەریەکە لە عوسمان دێمبێلی، دێزری دۆوێ و لوکاس بێراڵدۆ بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن و خڤیچا کڤاراتسخێلیاش لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا بەشدار نەبووە و بەتەنیا راهێنانی کردووە.
 
ئاتالانتا لە دوایین هەشت یاریی خۆیدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەسەر ئاستی ئەورووپا نەدۆڕاوە و لە دوایین 15 یاریی قۆناخی یەکەمدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان گۆڵیان تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەمشەویش سوود لە نائامادەیی پێکهاتەی یانە فەرەنسییەکە وەربگرێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
 
یانەی ئاتالانتا بۆ رکابەریکردنی پاریس سانجێرمان ئامادەیە و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەستێرەی یەکەمی یانەکە بۆ یارییکردن ئامادەنییە.
 
یانە ئیتاڵییەکە رۆژی سێشەممە دوایین مەشقەکانی لە بێرگامۆ ئەنجامدا و دوای ئەوە چووە پاریس، تیپەکە لە یەکەم یارییدا بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی ئادێمۆلا لوقمان، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەکەی بێبەش دەبێت، جیانلوکا ساکاماکا، میچێل باکێر و سیاد کۆلاشیناک بەهەمان شێوە پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
یانە ئیتاڵییەکە لە دوایین یاریی سێری ئادا بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر لێچی بەدەستهێنا و بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە.
 
ئەمە دووەم یاریی نێوان هەردوو یانەیە لە مێژوودا، پێشتر لە وەرزی 2019-2020 لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە و ئەو کاتە پاریس سانجێرمان یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە