رووداو دیجیتاڵ
ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول بە دڵخۆشییەوە سەرپەرشتی دوایین مەشقەکانی تیپەکەی کرد و دڵخۆشییەکەی زیاتر دەبێت کاتێک دەبینێت، ئەو یاریزانەی زۆرترین پارەی پێدراوە بۆ دەستپێکردن بەدرێسی سووری لیڤەرپوولەوە ئامادەیە.
ئەلیکساندەر ئیساک، هاوشانی محەممەد سەڵاح و ئەستێرەکانی دیکەی لیڤەرپوول، خۆیان بۆ یەکەم دەرکەوتنیان لە چامپیۆنزلیگدا ئامادەکردووە و یەکەم دەرکەوتنیان زەحمەت و ئاڵۆز دەبێت، کاتێک میوانداری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکەن.
رێدز بۆ ئەم وەرزە تیپێکی لێوانێلوە لە ئەستێرە و چاوی لە رکابەریکردنە لەسەر نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتی ئەورووپا.
لیڤەرپوول بە چوار بردنەوەی لەسەریەک لە پرێمەرلیگدا کاروانەکەی لە چامپیۆنزلیگدا دەستپێدەکات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەمیان بە سەرکەوتووی دەستپێبکەن.
پێچەوانەی لیڤەرپوول، ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرەتایەکی خراپی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئیسپانیا هەبووە، لە دوای چوار گەڕی لالیگا، تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی تەنیا یەک بردنەوەی تۆمارکردووە، بەڵام هێشتا ئەوە پێوەر نییە بۆ هەڵسەنگاندنێکی دروستی ئەو یانەیە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی جولیان ئەلڤارێز، تیاگۆ ئەلمادا، خۆسێ ماریا خیمینێز و ئالێکس باینا بێبەش دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەلیکساندەر سۆرلۆس و ئانتوان گریزمان دوو چەکی مەترسیداری دیێگۆ دەبن بۆ رکابەریکردنی لیڤەرپوول.
هەردوو یانە ئینگلیزی و ئیسپانییەکە هەشت جار بە دیداری یەکدی گەیشتوون، هەریەکەیان سێ سەرکەوتنیان هەیە و دوو جار یەکسانبوون، رۆخی بلانکۆس لە وەرزی 2019-2020 لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ لەنێو ئانفێڵد لیڤەرپوولی کردە دەرەوە و دەیەوێت ئەو مێژوو دووبارە بکاتەوە، بەڵام تیپێک هێرشبەرییەکەی سەڵاح، ئیکیتیکێ و ئیساکی تێدابێت، دۆڕانی هێندە ئاسان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ