رووداو دیجیتاڵ
پێڵێ، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، بە ناردنی پەیامێکی تایبەت، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی تووشی سەرسوڕمان کرد.
لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست بۆ باشترینەکانی جیهان لە 2021، کە لە سویسرا بەڕێوەچوو، فیفا خەڵاتێکی تایبەتی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دا، وەک باشترین گۆڵکاری نێودەوڵەتی لە مێژوودا، هەروەها کریس لە پێکهاتەی نموونەیی فیفاشدا دانرابوو.
بەو بۆنەیەوە، پێلێ پیرۆزبایی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد و پەیامێکی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ ناردووە.
پێلێ، بۆ دۆن نووسیویەتی "کریستیانۆ، پیرۆزباییت لێدەکەم بە بۆنەی ئەو خەڵاتە تایبەتییەی فیفا پێیبەخشی، دەمەوێت لە نزیکەوە بتبینم بۆ ئەوەی لەباوەشتبگرم، من بە بایەخەوە ئەم پەیامەم نووسیوە، بەم نزیکانە دەتانبینمەوە، تۆ باشترینی".
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامەی پێلێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەر زوو وەڵامی ئەفسانە تەمەن 81 ساڵییەکەی بەرازیلی دایەوە و سوپاسی کرد.
رۆناڵدۆ بۆ پێلێی نووسیووە "کاتێک پێلێ قسە دەکات، جیهان خۆی بەدەستەوە دەدات، مەحاڵە هەست و سۆز کاریگەری بەسەرتەوە نەبێت، کاتێک کەسێکی وا گەورە رێز و سەرسامبوونی خۆی بە تۆ نیشانبدات، ئەو پاڵەوانێکی هەتا هەتاییە، ئەفسانەی هەموو نەوەکانە و ئەفسانەیەکی وەرزشیی راستەقینەیە".
کریس لە بەردەوامی وەڵامەکەیدا بۆ پێلێ، دەڵێت "وەک ئەوەی خۆی ژیرانە گوتی، ئێمە هەموومان لە هەمان تیپداین، تیپی تۆپی پێ".
لە کۆتایی قسەکانیدا، رۆناڵدۆ دەشڵێت "سوپاس بۆ تۆ پێلێ، هیوادارم بەمزووانە بتبینمەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە پێبکەنین و قسە لەسەر ئەو یارییە بکەین کە خۆشمان دەوێت".
ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە مانگی 9ـی ساڵی 2021 ریکۆردی عەلی دایی ئەفسانەی ئێرانی شکاند، کە وەک باشترین گۆڵکاری نێودەوڵەتی لە مێژوودا 109 گۆڵی تۆمارکردبوو، بەڵام ئێستا کریستیانۆ 5 گۆڵی دیکەشی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ