سەڵاح لەبەر باڵۆن دۆر دەیەوێت لیڤەرپوول جێبهێڵێت

18-01-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەنگۆی گواستنەوەی محەممەد سەڵاح لە رۆژانی رابردوودا زیادیکردووە و هێرشبەرە میسرییەکە نزیکە لەوەی ریزەکانی یانەی لیڤەرپوول جێبهێڵیت.
 
محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی درەوشاوەی یانەی لیڤەرپوول و یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی باڵۆن دۆری ئەم وەرزە، سەرکردایەتی لیڤەرپوولی کردووە بۆ پێشەنگی پرێمەرلیگ و ئاستە ناوازەکەی یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ئەو یانەیە رکابەریی یەکەمی نازناوی خولەکە بێت.
 
لە هەمان کاتدا ئەو یانەیە لە چامپیۆنزلیگیشدا پلەی یەکەمی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە و بە ئەگەری زۆرەوە، گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە.
 
ئەو یاریزانە لەم دواییانە نیگەرانی خۆی لە هەڵسوکەوتی یانەی لیڤەرپوول دەربارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی خستەڕوو و رایگەیاند کە ئەو یانەیە سستن لە کارکردن بۆ ئەو یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە.
 
یانەی هیلال، لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە و هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو، محەممەد سەڵاح لە خولی سعودیە یاری بکات.
 
ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەڵاح رایگەیاند، ئەو یاریزانە بیر لەوە دەکاتەوە، مانگی 6 رووبکاتە یانەی هیلال بۆ ئەوەی لە جامی جیهانی یانەکاندا لەگەڵ ئەو یانەیە بەشداربێت.
 
جامی جیهانی یانەکان بە سیستەمە نوێیەکەی، بۆ یەکەمجار ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت و بەشێک لە شرۆڤەکاران وای دادەنێن کە رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی دەبێت لە دیاریکردنی براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، یانەی لیڤەرپوولیش بەشدار نییە لەو پاڵەوانێتییە.
 
خۆرخێ خیسوس، راهێنەری یانەی هیلال رایگەیاند، ئەوان نەهاتوون بۆ ئەوەی تەنیا بەشدار بن لە جامی جیهانی، بەڵکو هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوەکە دەدەن.
 
سەرچاوەیەکی ئینگلیزی ئەوەشی خستەڕوو کە یانەی هیلال دەیەوێت هاوشانی سەڵاح، ڤان دایکیش بەخۆڕایی بباتە ریزەکانی لە هاوینی داهاتوودا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە