رووداو دیجیتاڵ
سادیۆ مانێ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی سەنیگال بێدەنگیی شکاند و تووڕەیی خۆی بەرامبەر بڕیاری لێوەرگرتنەوەی جامی ئەفریقا لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی پێشاندەدات.
شەوی سێشەممە لە بڕیارێکی مێژوویی و چاوەڕواننەکراودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقادا، هەڵبژاردەی سەنیگال لە یاریگە چووەتە دەرەوە و پێشێلی یاساکانی تۆپی پێی ئەفریقای کردووە، جامی ئەفریقا لە هەڵبژاردەکە وەردەگیرێتەوە و مەغریب وەکو پاڵەوان هەژمارکرا، لەکاتێکدا سەنیگال نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر یاریی کۆتایی بردەوە و بووە پاڵەوان.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد، سادیۆ مانێ، هێرشبەری سەنیگالی دەڵێت "بڕیارەکە هەموو سنوورەکانی بەزاند، پرسەکە چی دیکە تۆپی پێ نییە، ئەمە ئەو یارییە نییە کە ئێمە لە پێناویدا دەجەنگین، ئەمە ئەو ئەفریقایە نییە کە خەونی پێوە دەبینین."
مانێ زیاتر دەڵێت "گەندەڵی چی دیکە شاراوە نییە، بەڵکو بووەتە شێرپەنجەیەک کە جەستەی وەرزشەکەمان دەخوات، خۆشیی هاندەران دەدزێت و خولیای ملیۆنان کەس دەخنکێنێت."
هێرشبەر و گۆڵکاری تیرانگا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نووسیوویەتی "ئێمە لەنێو یاریگەدا دەجەنگین و هەموو شتێک دەکەینە قوربانی، بەڵام راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە چارەنووسی یارییەکان لەوێ یەکلاناکرێتەوە، بەڵکو لە پشت پەردەکانەوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت."
مانێ لە راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "ئەوەی ئەمڕۆ هەستی پێدەکەم بەتەنیا پەیوەندیی بە سەنیگالەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو ئەو کەسانەوە هەیە کە باوەڕیان بە دادپەروەری تۆپی پێ هەیە لە ئەفریقا، ئێمە شایەنی باشترینین، هاندەرانمان شایەنی راستی، دەستپاکی و رێزگرتنن."
جگە لەم راگەیێنراوە مانێ لە سۆشیاڵ میدیا وێنەیەکی بە جامی ئەفریقاوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "جیهان دەزانێت کێ پاڵەوانی راستەقینەیە."


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ