سێ بۆمب لە رۆژنامەی مارکاوە لەبارەی، رۆناڵدۆ، بنزیما و رافینیا

18-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەریم بنزیما رافینیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرنووسەری رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی سێ بۆمبی گەورەی لەبارەی چارەنووسی هەرسێ ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما و رافینیا تەقاندەوە.
 
فیلیکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامە ئیسپانییەکە، قسەی بۆ میدیای سعودیە کردووە و باسی لەچارەنووسی ئەو سێ ئەستێرەیە کردووە.
 
فیلیکس کە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یاریزانان و بەڕێوەبەری کارەکانیان هەیە، قسەی لەسەر وردەکاریی ئێستا و داهاتووی هەرسێ ئەستێرەکە کردووە و چارەنووسی هەریەک لەوانی بۆ وەرزی داهاتوو ئاشکراکردووە.
 
بنزیما دڵخۆشە
 
دیاز لەبارەی کەریم بنزیماوە کە هەفتەی رابردوو نازناوی خولی سعودیەی لەگەڵ یانەی ئیتیحاد بەدەستهێنا، دەڵێ، بنزیما گرێبەستی لەگەڵ ئیتیحاد تاوەکو 2026ە، ئەو هەست بەدڵخۆشییەکی زۆر دەکات ئێستا، بەتایبەت پاش پێشەوایەتیکردنی یانەکەی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی رۆشنی سعودیە و بوونی چەندین یاریزانی فەرەنسی لە یانەکە.
 
دیاز هەروەها دەڵێ، "نزیکەکانی بنزیما دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەو لەوکاتەوەی لە ریال مەدرید رۆیشتووە، هیچکات هێندەی ئێستا دڵخۆش نەبووە، هیچ کێشەیەکی نییە و پشتگیرییەکی گەورەی یانەکەی هەیە و هەمووان پێیانوایە ئەو جارێکی دیکە ژیانی بۆ یانەکەی گەڕاندەوە".
 
رافینیا و هیلال
 
سەرنووسەری رۆژنامەی مارکا، باسی لە ئەگەر و گرێبەستە چاوەڕێکراوەکانی یانەی هیلال کردووە کە دەبێ خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان ئامادە بکات.
 
ئەو سەرنووسەرە دەڵێ، یانەکە لە دوای خۆرخی جیسۆسی راهێنەرەوە تاوەکو ئێستا لەگەڵ راهێنەری داهاتوو رێکنەکەوتووە، هەر بۆیە پێشینەی یانەکە دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێیە.
 
هەروەها دەڵێ، مارکۆ سیلڤای راهێنەری یانەی فولهام، نزیکترینە بۆ مەشقدانی تیپەکە، بەتایبەت کە تیپە سعودییەکە لەگەڵ فێرگەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکاندا زۆر دەگونجێت و سیلڤاش دەستەوارەکەی بەدڵە.
 
لەبارەی هەڵویستی سیمۆنی ئینزاگییەوە، کە لەماوەی رابردوودا لە میدیاکانەوە باس لە نزیکیی لە وەرگرتنی مەشقدانی یانە سعودییەکە دەکرا، ئەو سەرنووسەرە دەڵێ، "کارگێڕیی یانەکەی بیر لە رۆیشتنی ئەو راهێنەرە ناکاتەوە، ئەو ئێستا سەرقاڵی ئامادەسازییە بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ".
 
دیاز، لە سوپرایزێکی گەورەدا ئەوەی ئاشکراکردووە کە رافینیای هێرشبەری بارسێلۆنای ئیسپانی، ئامانجی یەکەمی یانەی هیلالە بۆ مۆندیالی یانەکان و دەڵێ، ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا نوێناکاتەوە و نزیکە لەوەی ببێتە بۆمبی ئەم هاوینە.
 
وەرزی رابردوو، یانەی هیلالی سعودی نزیکبوو لەوەی گرێبەست لەگەڵ رافینیا بکات، بەڵام هانزی فلیک لە دوایین ساتدا ئەو یاریزانەی لە رۆیشتن پاشگەزکردەوە.
 
بۆمبە گەورەکە لەبارەی رۆناڵدۆوە
 
فیلیکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەی 'مارکا' لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی دەڵێ، رۆناڵدۆ لەو یانەیە بەردەوام نابێت، گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە، روودەکاتە بەرازیل.
 
رۆناڵدۆ لە دوو ساڵی رابردوودا رۆڵی گەورەی هەبوو لە گۆڕینی ئاراستەی زۆر یاریزانی گەورە بەرەو خولی سعودیە، شۆڕشی تۆپی پێی سعودیەکان بەپشتبەستن بەو یاریزانە بەرپاکرا کە لە کۆتاییدا چەندین ئەستێرەی گەورەی بردە یانەکانی خولەکە.
 
دیاز دەڵێ، رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ نوێنەکردووەتەوە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ یانەیەکی بەرازیلیی گەورە هەیە، لە بەرامبەریشدا کارگێڕیی نەسڕ، لەئاستی ئەو یاریزانە لە وەرزی ئەمساڵدا رازی نین.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "یانەیەکی بەرازیلی دەستەوارەی داوەتە رۆناڵدۆ، ئەو مووچەیەشی لە بەرازیل وەریدەگرێت، زۆر دوور نییە لەو مووچەیەی لە سعودیە وەریدەگرێت، ئێستا بەرازیل وەبەرهێنی زۆر گەورەی لە تۆپی پێدا هەیە و ئەوان دەتوانن مووچەکەی کریستیانۆ دابین بکەن".
 
دیاز دەڵێ، رۆناڵدۆ پاش شکستەکانی ئەمساڵی یانەکەی لە خولی نێوخۆی سعودیە و چامپیۆنزلیگی ئاسیا هەست بەبێئومێدی دەکات. ئەو هەروەها دەڵێ کریستیانۆ داوای گرێبەستکردن لەگەڵ چەندین یاریزانی کردووە، لەنێویاندا کاسیمیرۆ. 
 
ئەو سەرنووسەرە دەڵێ، رۆناڵدۆ لە یەکێک لە یانە بەشدارەکانی مۆندیالی یانەکان یارییدەکات، لە کاتێکدا هەریەکە لە پالمێراس، فلامینگۆ، فلۆمینێنسی و بوتافوگۆ لە مۆندیالەکەدا بەشدارن.
 
سەرچاوەکانی دیکەش دووپاتیدەکەنەوە
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئەمڕۆ جارێکی دیکە دووپاتیانکردووەتەوە کە پێشهاتی نوێ لەبەردەم چارەنووسی رۆناڵدۆدایە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە رۆناڵدۆ لە دۆخی یانەی نەسڕ بێزار و بێتاقەتە، هەربۆیە بڕیاریداوە گوێ لە دەستەوارەیەکی یانەیەکی بەرازیلیی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان بگرێت.
 
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە کە ئۆفەری یانە بەرازیلییەکان زۆر زەبەلاحە، چونکە یانەکە لە مۆندیالی یانەکان بەشدارە و دەیەوێت رکابەریی لەسەر نازناوەکە بکات، هەربۆیە داوای رۆناڵدۆ دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە