چوار ناوی تۆقێنەر.. هیلال دەیەوێت زەوی لەژێر پێی رۆناڵدۆ و بنزیمادا بهەژێنێت

21-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی هیلال کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەریم بنزیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی هیلالی سعودی بەهۆی دەستبەتاڵ دەرچوون لە وەرزی رابردوودا، سەرەڕای بەشدارییەکی باش لە مۆندیالی یانەکاندا، بڕیاری داوە بوومەلەرزەیەک لە مێرکاتۆی هاوینەدا ئەنجام بدات.
 
هیلال دەیەوێت پەیامێکی ترسێنەر بداتە یانەکانی نەسڕ بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە بڕیاریانداوە تیپێکی بەهێز لە دەوری کریس دروست بکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر هەموو نازناوەکان و ئیتیحادیش بەسەرکردایەتی کەریم بنزیما کە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی رۆشنە.
 
سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک ناوی دیار لە هێڵی هێرشبردنیدا وەک ئەلێکساندەر میترۆڤیچی سڕبی و مارکۆس لیۆناردۆی بەرازیلی، کارگێڕیی یانەی هیلال چاوی بڕیوەتە هێنانی سەرەڕمێکی ئاستبەرزی جیهانی.
 
کارگێڕیی هیلال دەیەوێت پێکهاتەی راهێنەر سیمۆنی ئینزاگی بە گۆڵکارێکی قەنناس بەهێزتر بکات، کە بتوانێت یارییە گەورەکان یەکلایی بکاتەوە.
 
کارگێڕیی یانەکە "چوار ناوی ترسناک" دەخاتەڕوو بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی، بەبێ گوێدانە سەختیی دانوستاندنەکان یان رکابەریی تووندی یانە ئەورووپییەکان.
 
ئەوەی ئەم سیناریۆیە واقیعیتر دەکات، سەرکەوتنی ئەم دواییەی هیلالە لە رازیکردنی ئەستێرە جیهانییەکان بۆ هاتنیان بۆ یانەکە، وەک چۆن لە گرێبەستی بەرگریکاری فەرەنسی تیۆ هێرناندێزدا روویدا، کە دوای رەتکردنەوەیەکی سەرەتایی، گۆڕا بۆ رەزامەندییەکی مێژوویی.
 
کارگێڕیی شینپۆشەکان سوورە لەسەر دڵخۆشکردنی هاندەرانی و چوونە ناو بازاڕی گواستنەوە بە ناوە قورسەکانەوە، تەنانەت ئەگەر پێویست بە چاوەڕوانی دانوستاندنەکان یان دووبارەکردنەوەی هەوڵەکان بکات لەگەڵ گەورە ئەستێرەکاندا.
 
1 - هاری کەین
 
هیلال هێڵی پەیوەندیی کردووەتەوە لەگەڵ کارگێڕیی بایرن میونشن و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە بۆ زانینی هەڵوێستی ئەستێرە ئینگلیزییەکە، هاری کەین لەبارەی گواستنەوەی بۆ خولی رۆشەن.
 
سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە  بەڕێوەبەری کارەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئێستا  نایەوێت ئەورووپا جێبهێڵێت، بەڵام کارگێڕیی هیلال هێشتا هەوڵی دۆزینەوەی هەموو رێگەیەک دەدات بۆ رازیکردنی کەین بە جێهێشتنی بۆندێسلیگا.
 
2 - ئەلێکساندەر ئیساک
 
دانوستاندنەکانی هیلال لە رۆژانی رابردوودا لەدەوری ئەلێکساندەر ئیساکی یاریزانی سوێدی، گۆڵکاری نیوکاسڵی ئینگلیزی و یەکێک لە خێراترین هێرشبەرە سەرکەوتووەکانی پرێمەرلیگ چڕبووەتەوە.
 
هیلال دەستەوارەیەکی گەورەی پێشکێش کردووە کە لە 100 ملیۆن یۆرۆ زیاترە و چەندین ئۆفەری دارایی گەورە لەخۆدەگرێت بۆ رازیکردنی یاریزانەکە.
 
لەکاتێکدا ئیساک رەزامەندیی سەرەتایی خۆی نیشانداوە بۆ ئەزموونێکی نوێ لە ئاسیا، بەڵام هەڵوێستی نیوکاسڵ و زیادبوونی گرنگیپێدانی لیڤەرپوول هۆکارن کە گرێبەستەکە ئاڵۆز ببێت، بەڵام مەحاڵ نییە.
 
3 - سێرهو گیراسی
 
ناوی هێرشبەری غینی، سێرهو گیراسی، گۆڵکاری شتوتگارتی ئەڵمانی، وەک یەکێک لە کارتە کراوەکانی سەر مێزی هیلال ماوەتەوە، بەتایبەت لە سایەی ئارەزووی خۆی بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ لە دەرەوەی بۆندێسلیگا.
 
هێزی جەستەیی یاریزانەکە و توانای لە قۆستنەوەی نیو-دەرفەتەکان وایلێدەکات کە لەگەڵ داواکارییەکانی تۆپی پێی سعودیە و بۆنە گەورەکاندا بگونجێت، هاوتەریب لەگەڵ توانای بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی هێرشبردن، بەڵام تاوەکو ئێستا راددەی پێشکەوتنی دانوستانەکان لەسەری روون نییە.
 
٤- داروین نونێز
 
داروین نونێز، هێرشبەری لاوی لیڤەرپوول، شوێنێکی دیار لە لیستی ئێستای داواکارییەکانی هیلالدا داگیر دەکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە کارگێڕیی یانەکە پێشتر پەیوەندیی بە بەرپرسانی لیڤەرپوولەوە کردووە بۆ زانینی هەڵوێستیان لەبارەی فرۆشتنی یاریزانەکەوە، کە کارگێڕیی رێدز بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی وەک نرخی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن دیاریکردووە.
 
ئەگەر گرێبەستەکە بکرێت، یەکێک دەبێت لە گرێبەستە قورسەکان بەهۆی تەمەنی یاریزانەکەوە و بەوەی کە وەبەرهێنانێکی درێژخایەنە، لەگەڵ بوونی خواستێکی هونەریی بەهێز لەلایەن راهێنەر سیمۆنی ئینزاگییەوە بۆ هێنانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە