رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا زۆر چاوەڕێی نەکرد و لیستێکی ئاگرینی بەناوی چوار ئەستێرەی ئاستی جیهانیی رادەستی خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا کرد و داوای لێکرد بەبێ دواکەوتن ئەو گرێبەستانە بکات.
بارسێلۆنا کۆتایی بە وەرزێکی نایاب هێنا بەبردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا و دووانەی جامی پاشا و جامی سوپەری ئیسپانیا، کە لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیکی راهێنەر، تیپەکە هێزی کێبڕکێ و ناسنامەی خۆی بەدەستهێنایەوە.
سەرەڕای ئەوەش راهێنەرە ئەڵمانییەکە بەتەواوی لە ئاست و ئەنجامەکانی تیپەکەی رازی نەبوو و دەیەوێت وەرزی داهاتوو تیپێکی بەهێزتر دروست بکات، بۆیە راستەوخۆ دوای بەرزکردنەوەی جامی لالیگا، پەیامێکی بەهێزی نارد و گوتی "ئێمە توانای بەدەستهێنانی زیاترمان هەیە". ئەم قسانە تەنیا قسەیەکی ئاسایی نەبوون، بەڵکو پەیامێکی راستەوخۆ بوو بۆ خوان لاپۆرتا و بەڕێوەبەرە وەرزشییەکانی یانەکە.
"ئێمە توانای بەدەستهێنانی زیاترمان هەیە"
پەیامەکەی فلیک تەنیا پەیامێکی پیرۆزبایی نەبوو دوای سەرکەوتنەکە، بەڵکو ئامانجی ئەوەبوو پلانێکی روون بۆ داهاتوویەکی نزیک بخاتەڕوو. راهێنەرەکە بەتەواوی ئاگادارە کە تیپەکەی گەیشتووەتە سنووری تواناکانی، بەتایبەتی لە هەندێک قۆناخی وەرزدا، داوای یاریزانی زیاتریش دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت لە رکابەرییە ئەورووپییەکاندا بەشداری بکات و بەرگری لە نازناوە ناوخۆییەکان بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، فلیک پێشتر لاپۆرتا و دیکۆی لەو پێگە سەرەکییانە ئاگادارکردووەتەوە کە تیپەکە پێویستی بە بەهێزکردنیان هەیە. بەتایبەتی داوای بەهێزکردنی لە چوار پۆستدا کردووە، کە بریتین لە بەرگری باڵ، دڵی بەرگری، هێرشبەری باڵ و گۆڵپارێز، کە لەمەیاندا پشت بە هەڵوێستی چێزنی لە مانەوە یان رۆیشتن دەبەستێت.
داواکارییەکانی فلیک
وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێکرد، داواکارییەکانی هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا لە چوار پێگەدان، کە ئەمانەن:
بەرگریکاری باڵی راست
سەرەڕای ئاستە سەرنجڕاکێشەکانی ژول کوندێ لەم پێگەیەدا، بەڵام فلیک ئارەزووی گواستنەوەی بەرگریکارێکی بەهێزی باڵی راستی هەیە کە توانای رکابەریی لەگەڵ یاریزانە فەرەنسییەکە لەم رۆڵەدا هەبێت. ئاندرێ راتیۆی یاریزانی رۆمانیی یانەی رایۆ ڤاییکانۆ یەکێکە لەو ناوانەی کە لەبەرچاو دەگیرێت، لەگەڵ چەند بژاردەیەکی دیکە.
بەرگریکاری ناوەڕاست یان دڵی بەرگری
بەهۆی ئەوەی رۆناڵد ئاراوخۆ ئەگەری رۆیشتنی هەیە، هەروەها بەهۆی نیگەرانییەکانی لە داهاتووی کریستینسن و ئینیگۆ مارتینێز، فلیک پێویستی بە بەهێزکردنی هێڵی بەرگرییەکەیە لە پێگەی دڵی بەرگری.
کۆبارسی یاریزانێکی ئومێدبەخشە بۆ داهاتوو، بەڵام فلیک نایەوێت ئێستا ئەو تەواوی بارگرانییەکە لەئەستۆ بگرێت. ئەلیساندرۆ باستۆنی تاوەکو ئێستاش وەک بژاردەی پەسەندکراوی راهێنەرەکە دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە لەوانەیە یانەکە رووبەڕووی ببێتەوە لە گواستنەوەی لە ئینتەرمیلان.
هێرشبەری باڵ
فلیک بەدوای جێگرەوەیەکی متمانەپێکراودا دەگەڕێت کە بتوانێت لەم پۆستەدا رکابەری رافینیا و لامین یامال بکات. لە کاتێکدا ناوەکانی وەک لوکمان و راشفۆرد لەئارادان، بەڵام خەونی لاپۆرتا گواستنەوەی رافایێل لیاوی هێرشبەری پۆرتوگالیی یانەی میلانی ئیتاڵییە. هەرچەندە فلیک ئامادەیە بژاردەی دیکە لەبەرچاو بگرێت، بەڵام پێویستی بە هێرشبەرێکە کە توانای زیادکردنی هەمەجۆریی هێرشبەری هەبێت بۆ ئەوەی هێزی تیپەکە لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا بپارێزێت.
گۆڵپارێز
هەموو شتێک لەو بارەیەوە لەسەر بڕیارەکەی ڤۆجیچ چێزنی دەوەستێت، کە تاوەکو ئێستا بڕیاری لەسەر بەردەوامبوون یان وازهێنان نەداوە. ئەگەر بڕیاری رۆیشتن بدات، فلیک پێویستی بە گۆڵپارێزێکی پلەیەک دەبێت کە بتوانێت رکابەری تێرشتیگن بکات بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئاستی تیپەکە هەبێت.
خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل ئێستا زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت، گوایە ئەگەر چێزنی بڕوات بارسێلۆنا راستەوخۆ کار بۆ گواستنەوەی دەکات.
گوشار لەسەر لاپۆرتا
خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا دەزانێت ئەم وەرزە دەستکەوتەکانی یانەکەی لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بوون، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە خواستەکان زیاتر دەبن.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە بارسێلۆنای گەیاندەوە لووتکە، بەڵام نایەوێت ئەوە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم خواستەکانی داهاتووی. هەرچەندە فلیک ئاگاداری دۆخی سەختی داراییە، بەڵام داوای گرێبەستی مەحاڵی نەکردووە، بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە تیپەکەی پێویستی بە بەهێزترکردنی ریزەکانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر ئاستی ئەورووپا رکابەری بکات.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کارگێڕیدایە. جوڵەی کارگێڕیی لە بازاڕی گواستنەوەدا بەپێی ئاستی فرۆشتنی هەندێک لەو یاریزانانە کە فلیک لاری نییە لە فرۆشتنیان دیاری دەکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە خواستێکی روون هەیە بۆ دڵخۆشکردنی راهێنەر و دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی رابردوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ