ئەمڕۆ گەڕی پێشکۆتایی سێری ئا دەکرێت و رکابەرییەکە گڕ دەگرێت

18-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێری ئا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی پێشکۆتایی خولی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچن، هەردوو یانەی ناپۆلی و ئینتەرمیلان رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە دەکەن و رکابەرییەکەیان دەگاتە لووتکە.
 
ئەمشەو رکابەرییەکانی گەڕی 37 و پێشکۆتایی خولی ئیتاڵیا ئەنجامدەدرێن و سەرجەم یارییەکانی لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن، نازناوەکە یەکلانەبووەتەوە و بلیتێکی دیکەی چامپیۆنزلیگیش ماوە یەکلابکرێتەوە.
 
یانەی ناپۆلیی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بە جیاوازیی تەنیا یەک خاڵ لە پێش یانەی ئینتەرمیلانە، یانەکە ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی پارما یاری دەکات و ئەنتۆنیۆ کۆنتیی راهێنەری یانەکە دەیەوێت یانەکە بکاتە سێیەم یانە لەگەڵیدا نازناوی خولی ئیتاڵیا بباتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ ئینتەرمیلان نازناوێک و لەگەڵ یوڤێنتوس سێ نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی یارییەکە ناپۆلی لە یارییەکەی ئەمشەودا یانەکە زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە نزیکدەکاتەوە، جگە لەوەش هەر ئەنجامێکی دیکە لە بەرژەوەندی نیرازۆرییە.
 
یانەی ئینتەرمیلان لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر یانەی لازیۆ یاری دەکات، نیرازۆری پێویستی بەبردنەوەیە و لە هەمان کاتدا پێویستە ناپۆلی بدۆڕێت یان یەکسانبێت بۆ ئەوەی بچێتەوە پێشەنگی ریزبەند و هەلی بردنەوەی نازناوەکەی بەهێزتربێت.
 
تاوەکو ئێستا ناپۆلی، ئینتەرمیلان و ئاتالانتا سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ یەکلابووەتەوە، هەردوو یانەی یوڤێنتوس و لازیۆ رکابەری لەسەر بلیتی چوارەمی رکابەرییەکە دەکەن.
 
یاریی داهاتووی ناپۆلی بەرامبەر یانەی کالیاری دەبێت لە یاریگەی خۆی و ئینتەرمیلانیش لە دوایین گەڕدا دەبێتە میوانی یانەی کومۆ.
 
ئەوەی لە تۆپی پێی ئیتاڵیا سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە ئەگەر هەردوو یانە خاڵەکانیان وەکو یەک بێت کەس نابێتە پاڵەوان، ساڵی 2022 دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئیتاڵیا بڕیارییدا ئەگەر دوو یانە ژمارەی خاڵەکانیان وەکو یەک بێت، کەس نابێتە پاڵەوان و یارییەکی یەکلاکەرەوە لەنێوان هەردوو یانەدا دەکرێت.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە