رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو مۆندیالی راستەقینە دەستپێدەکات و یانەی ریال مەدرید، یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدات و بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی یاری دەکات.
ریال مەدرید چوار رۆژە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا گەیشتووەتە ئەمریکا و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەژێر پلەیەکی گەرمای بەرزدا مەشق و راهێنانەکانی ئەنجامداوە و بۆ یەکەم یاریی لە جامی جیهانی یانەکاندا ئامادەیە و ئەمشەو بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی یاری دەکات.
یارییەکەی ریال مەدرید و هیلال کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان و کاژێر 15:00 بەکاتی ئەمریکا لە یاریگەی تیپەکەی لیۆنێل مێسی بەڕێوەدەچێت، سەرجەم بلیتەکانی ئەم یارییە فرۆشراون و هیچ یارییەکی دیکەی گەڕی یەکەم هێندەی ئەم یارییە خواستی لەسەر نەبووە.
کیلیان ئێمباپێ، لە دوایین مەشقەکانی یانەی ریال مەدریددا نەبینرا، یاریزانەکە نەخۆشە و ئەگەری هەیە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چابی ئەلۆنسۆ تیپەکەی باش ئامادەکردووە و دەیەوێت بەبردنەوە کاروانی نوێی راهێنەرایەتیکردنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەستپێبکات.
ریال مەدرید بەر لە مۆندیالی یانەکان سێ گرێبەستی راگەیاندووە، بەڵام تەنیا ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسن بۆ مۆندیال پەیوەندیان بە یانەکەوە کردووە و هەردوو یاریزانەکە بەتەواوی ئامادەن و چاوەڕواندەکرێت بە سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکەن، دوای مۆندیالیش فرانکۆ ماستانتونۆ پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات.
یانەی هیلالی سعودی رۆژی سێشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ یەکەم دەرکەوتنی لە مۆندیالدا ئەنجامدا و یانەکەش بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی یانەی ریال مەدرید ئامادەیە.
هیلال یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی سعودیە و ئاسیایە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێگەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ خۆی دروستکردووە و خاوەنی چەندین ئەستێرەی بەنێوبانگە لەسەر ئاستی ئەورووپا و دەیەوێت بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال.
هاوشێوەی ریال مەدرید، یانەی هیلالیش راهێنەرەکەی گۆڕیووە و ئەم یارییە دەبێتە یەکەم دەرکەوتنی یانەکە لەژێر سەرپەرشتی سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئیتاڵی کە چەند هەفتەیەکی کەم لەمەوبەر یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەنجامداوە.
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، ئەگەری هەیە بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، ئەستێرەی سێربی بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا نەکات.
هیلال پێشتر لە 2023 لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید یارییکردووە، ریال مەدرید بە زەحمەت بە 5-3 لە یانە سعودییەکەی بردبووە و ئەمە دووەمجارە لە مێژوودا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ