ڤیدیۆ؛ مانچێستەر سیتی یەکەم یاریی دەکات و گواردیۆلا دەڵێت رابردوو لەبیربکەن

18-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مانچێستەر سیتی، ویداد
مانچێستەر سیتی، ویداد
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ویداد مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات و دەیەوێت بەبردنەوەی یەکەم سێ خاڵ بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی یەکەم و لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر یانەی ویدادی مەغریبی یاری دەکات.
 
مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی وەرزێکی سفریی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا بەڕێکرد، لە مۆندیالی یانەکاندا چاوی لە رکابەریکردنە و دەیەوێت ئەنجامی باشی هەبێت، بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکەش یانە ئینگلیزییەکە گرێبەستکردنی لەگەڵ هەریەکە لە تیجانی رایندەرز، رەیان شێرکی و رایان ئایت نوری راگەیاندووە و دەیەوێت مۆندیالی یانەکان، بکاتە هەلێکی زۆرباش بۆ ئەوەی بەهێزەوە بۆ وەرزی نوێش ئامادەبێت.
 
ئەمە یەکەمجارە هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە یاریی داهاتوودا مان سیتی بەرامبەر عەینی ئیماراتی یاری دەکات و دوای ئەوەش رووبەڕووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەبێتەوە.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی بەر لە یارییەکە دەڵێت "مۆندیالی یانەکان دەستپێکی وەرزی نوێیە، هەلێکی گونجاوە بۆ کردنەوەی لاپەرەیەکی نوێ، بەتایبەت لە یاریی بەرامبەر یانەی ویدادی مەغریبی، ئەمە سەرەتای وەرزە لە وەرزشدا، ئەوەی روویدا، چ باش بێت چ خراپ پێویستە لەبیری بکەین، چونکە دەبێت هەست بەوە بکەین کە وەرزێکی نوێ دەستپێدەکەین."
 
گواردیۆلا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "تۆپی پێ لە هەموو جیهان پێشکەوتووە و هەموو تیپەکان توانای تاکەکەسی زۆرباشیان هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە