رووداو – هه‌ولێر
یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی له بابه‌تی یاریكردن به ئه‌نجامی یاریی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی جیهان و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له خولی تازه‌پێگه‌یشتووان، سزای قورسی به‌سه‌ر یانه‌ی جیهاندا سه‌پاند.
دڵشاد ساڵح ئه‌ندامی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان و گوته‌بێژی یه‌كێتییه‌كه ئه‌مڕۆ دوای كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌كه، بۆ میدیاكان قسه‌ی كرد و بڕیاره‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به بابه‌تی یاریكردن به ئه‌نجامی یاریی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی جیهان و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی راگه‌یاند.
دڵشاد ساڵح گوتی: "دوای لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كه، بڕیارماندا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خولی تازه‌پێگه‌یشتووانی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌كانی كوردستان و سڕینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كانی، هه‌روه‌ها بڕیارماندا به سڕكردنی یانه‌ی جیهان له سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ.
گوتیشی: "بڕی 10 ملیۆن دینار سزای دارایی به‌سه‌ر یانه‌ی جیهاندا ده‌سه‌پێنین و هێشتا لێكۆلێنه‌وه‌ی زیاتریش به‌رده‌وامن، ئه‌گه‌ری هه‌یه سزای دیكه‌ش رابگه‌یه‌نین.
گوته‌بێژی یه‌كێتیی تۆپی پێ هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، هه‌ندێك له یاریزانانی یانه‌ی جیهان دانیان به راستییه‌كاندا ناوه، كه یاری به ئه‌نجامه‌كه كراوه و گوتیشی: "یانه‌ی جیهان خۆیشیان گومانیان هه‌یه و نووسراویان بۆ ئێمه ناردووه، كه گومانیان له راهێنه‌ره‌كه‌یان هه‌یه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن".
له یاریی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی جیهان و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له خولی تازه‌پێگه‌یشتووانی یانه‌كانی كوردستان، یانه‌ی جیهان به ئه‌نجامی 1-17 گۆڵ به یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دۆڕا و ئه‌مه‌ش گومانی دروستكرد، كه ئه‌نجامه‌كه یاری پێكرابێت و رێككه‌وتنێك هه‌بووبێت، چونكه به‌م ئه‌نجامه پێشمه‌رگه بووه پاڵه‌وانی خوله‌كه و یانه‌ی زاخۆ، كه ركابه‌ر و نزیكی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه بوو، نه‌یتوانی نازناوه‌كه بباته‌وه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ