رووداو دیجیتاڵ
دوایین تاکتیک و پلانەکانی بۆ یاریزانەکانی شیدەکاتەوە، دەیەوێت بەباشترین شێوە و فراوانترین بیرکردنەوە ئامادەبن، مەترسیدارترین پێکهاتەکەشی ئێرلینگ هالاندە.
مانچێستەر سیتی خۆی بۆ یارییەکی لووتکەی چامپیۆنزلیگ ئامادەدەکات، کە یەکەم دەرکەوتنی دەبێت و میوانداریی ناپۆلی ئیتاڵی دەکات.
ستیزنز لە یاریگەی خۆی دەچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێ، تیپەکە لە بردنەوەی دێربیی مانچێستەرەوە هاتووە و دەیەوێت بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییە ئاڵۆزەکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
عومەر مەرمووش، رایان ئایت نوری، رەیان شێرکی و ماتیۆ کۆڤاچیچ ئەو یاریزانانەن کە پێکان رێگەیان نادات، لەم یارییەدا لەنێو لیستی یاریزانەکانی پێپ گواردیۆلادا بن.
جیانلویجی دۆنارووما، لە سەرەتای دەرکەوتنی خۆیدا بەدرێسی یانە ئینگلیزییەکەوە دەیەوێت بەرامبەر یانەکەی باشووری وڵاتەکەی گۆڵەکەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە.
ئەوەی بەرامبەر گواردیۆلا یاری دەکات، ئەنتۆنیۆ کۆنتییەوە، ئەو راهێنەرەی پێپ دەڵێت زۆر شتی لێیەوە فێربووم و زۆر رێزی دەگرم، یارییکردنیش بەرامبەر تیپەکانی ئەو هەمیشە زەحمەتن.
ناپۆلی سەرەتایەکی نایابی لە سێری ئایدا هەبووە و بە سێ بردنەوەی بەدوای یەکدا پێشەنگی خولی ناوخۆیە، ئەوان دەزانن یارییکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دەکرێت بەربەستی زۆریان بخاتە بەردەم، بەڵام بۆ ئاڵنگاریی یەکەم لە چامپیۆنزلیگدا ئامادەن، بەڵام رۆمێلو لوکاکو، ئەمیر رەحمانی و نیکیتا کۆنتینی بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
کۆنتی لەوە تێدەگات مانچێستەر سیتی لە رووی هێرشبەرییەوە مەترسیدار و بەهێزە، بۆیە دەیەوێت گۆڵپارێزەکانی بەباشترین شێوە بۆ هەر رووبەڕووبونەوەیەک ئامادەبن.
ئەوەی یارییەکە تایبەتتر دەکات، گەڕانەوەی کیڤن دیبرۆینە بۆ ئەو یاریگەیەی 10 ساڵ تێیدا سەرکردایەتیی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتیی کرد، بەڵام ئەمجارە بەدرێسی یانەیەکی دیکەوە، یانەی ناپۆلی.
ناپۆلی پێشتر لە 12 یارییدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی هیچ یارییەکی لە یانەکانی ئینگلتەرا نەبردووەتەوە، دەیەوێت یاریی سێزدەیەم ئەو گرێیە بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ