رووداو - هەولێر
کلاسیکۆی پرێمەرلیگ لەنێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد، لەسەر یاریگەی ئانفێڵد بەڕێوەدەچێت، لە رکابەرییەکانی گەڕی 20ـی خولەکەدا.
کاژێر 19:30 هەردوو یانە چاوەکان بۆ رکابەرییەکی لە مێژینەی هەردوو سوور پۆشەکە دەبەنە شاری لیڤەرپوول، کاتێک رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ دەکەن.
مان یونایتد لەکاتێکدا بەرامبەر لیڤەرپوولی پێشەنگ و بەهێزترینی ئەم وەرزەی خولەکە یارییدەکات، کە لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا بەرامبەر چوار یانەکەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە نەدۆڕاوە، هەردوو یارییەکەی بەرامبەر چێڵسی بردووەتەوە، دێربی مانچێستەری لە مان سیتی هاوشاریی بردووەتەوە و بەرامبەر لێستەر سیتیش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و یاری چوونیشیان بەرامبەر لیڤەرپوول بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهاتووە.
ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج و تێڕامان بۆ تیپەکەی کڵۆپ و هاندەرانی ئەوەیە کە مان یونایتد بەرامبەر گەورەکان ئەنجامیداوە، بۆیە ئەمڕۆ سەرەرای ئەوەی کە یانەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیشی یارییدەکات، بەڵام ئەرکی قورسە، لەکاتێکدا یانەکە چاوی لەوەیە ژمارەی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ مان سیتی و لێستەر سیتی زیاتر بکات و هەنگاوێکی دیکە لە نازناوی پرێمەرلیگ نزیکببێتەوە.
کاریگەرترین ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد کە مارکۆس راشفۆردە و لەم وەرزەدا 14 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد، ئەگەری بەشدارییکردنی لە یارییەکەدا بە رێژەی 50%، بەهۆی ئەوەی کە یاریزانەکە پێکانی هەیە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکهاتەی ئۆلێ گونار سۆلشایەر دروستدەکات.
لیڤەرپوول لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا تاوەکو ئێستا 22 یاریی ئەنجامداوە، تەنیا یەکجار یەکسانبووە ئەویشیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد بوو، لە 21 یاریشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و یارییەکی دواخراویشی ماوە، بۆیە بردنەوەی ئەم یارییە یانەکە هەنگاوێکی گەورەتر لەبردنەوەی نازناوی خولەکە نزیکدەکاتەوە، کە 30 ساڵە هاندەرانی رێدز خەون بەبردنەوەی نازناوێکی دیکەی پرێمەرلیگەوە دەبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ