رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، ئەمڕۆ یانەی دهۆک دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و بەرامبەر یانەی حدوود یاری دەکات، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەکە لەسەر کورسیی راهێنەرایەتی دەبێت یان نا؟
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی حدوود لەسەر کورسیی راهێنەرایەتیکردن نابێت و لە شوێنی ئەو دکتۆر ستیفانۆس ئاناگنوستۆ لە شوێنی راهێنەرە کوردەکە لەسەر کورسیی یەدەگ دەبێت و وەکو راهێنەر مامەڵە دەکات.
مەسعود بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، بۆ دوو یاری سڕکراوە و 5 ملیۆن دیناریش وەکو سزای دارایی بەسەر راهێنەری دهۆکدا سەپێنراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو یانەی دهۆک تانەی لە بڕیاری سزادانی مەسعود میراڵ داوە و زنار عەلی، پارێزەری یانەکە لە بەغدایە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو سزادانە بکات و بڕیارە سبەی پارەی تانە لێدانەکە بدات کە 2 ملیۆن دینارە و رۆژی دووشەممە بڕیاری کۆتایی لەبارەی تانە لێدانەکەی یانەی دهۆک لەو سزادانەی مەسعود میراڵ دەدرێت.
لە ئەگەری گۆڕانکاریکردن لە سزای راهێنەری یانەکەدا، بۆ یاریی داهاتووی یانەی دهۆک، مەسعود میراڵ دەگەڕێتەوە سەر کورسیی راهێنەرایەتیکردن و لە کارەکەی بەردەوامدەبێت.
جگە لە ئامادەنەبوونی مەسعود میراڵ لەنێو یاریگەدا، ئەمڕۆدا هەریەکە لە پیتەر گۆرگیس، بەهۆی سزادانەوە، لوکاس تورسی، بەهۆی کارتی سوور و هاروون ئەحمەد بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن و محەممەد سەعیدیش پێکانی هەیە.
یانەی دهۆک ئەمە یەکەم یارییە لە دوای بردنەوەی جامی کەنداو ئەنجامیدەدات، ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکەدا بێبەرامبەر دەبێت و بەر لە یارییەکەش ئاهەنگێک بەبۆنەی بردنەوەی نازناوەکەوە لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ