رووداو دیجیتاڵ
فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی ئەڵمانی و یانەی بایرلیڤەرکوزن بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە یانەی لیڤەرپوولەوە نزیکبووەتەوە و لە ئەگەری تەواو بوونی گرێبەستەکە، دایک و باوکی یاریزانەکە ملیۆنان پاوەند وەردەگرن.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەڵمانیا، دایک و باوکی فلۆریان، نوێنەرایەتی ئەو یاریزانەیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول و وەکو بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کاردەکەن، بۆیە لە ئەگەری چوونی ئەو یاریزانە بۆ یانەی لیڤەرپوول، 8.6 ملیۆن پاوەند وەکو پاداشت دەدرێتە دایک و باوکی یاریزانەکە.
ڤیرتز بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە یانەی لیڤەرپوولەوە نزیکبووەتەوە، میدیای بەریتانیا دەڵێت "سبەی هەینی یاریزانەکە پشکنینی پزیشکی ئەنجامدەدات و بەفەرمی دەبێتە یاریزانی یانەی لیڤەرپوول."
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، لە بەرامبەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکەی، لیڤەرپوول 100 ملیۆن پاوەند دەداتە لیڤەرکوزن و 16 ملیۆن پاوەندیش وەکو پاداشت لە گرێبەستەکەدا جێگەی کراوەتەوە.
مووچەی فلۆریان ڤیرتز، لە یانەی لیڤەرپوول بۆ هەفتەیەک نزیکەی 200 هەزار پاوەند دەبێت و هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون.
هەموو رێککەوتنەکان تەواو کراون، تەنیا ماوە ڤیرتز بچێتە لیڤەرپوول و پشکنینی پزیشکی ئەنجامبدات بۆ ئەوەی بەفەرمی گرێبەستی یاریزانەکە رابگەیێنرێت.
فلۆریان ڤیرتز تەمەنی 22 ساڵە، یاریزانەکە لە دوو وەرزی رابردوودا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، لە دوایین وەرزیدا لەگەڵ لیڤەرکوزن لە 31 یارییدا 10 گۆڵی تۆمارکرد و 13 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کرد، ئەو ئێستا یەکێک لە دیارترین بەهرەمەندەکانی ئەورووپا و جیهانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ